شنبه ۳ آبان ۱۳۹۹

قوباد ئارەش/ خوێندنەوەیەک بۆ عەقڵییەتی سیاسی کورد و گورزی کوشندەی ڕیفراندۆم

شنبه - 24 فوریه 2018
قوباد ئارەش/ خوێندنەوەیەک بۆ عەقڵییەتی سیاسی کورد و گورزی کوشندەی ڕیفراندۆم

پیاوێك دەڵێت: "ریفراندۆم ماڵی كوردی پەرتەوازەكرد و، دراوسێكانی یەكخست." ئەم ڕستەیە بەبێ‌ حەقیقەت نییە، كاتێك سەیری دەرئەنجامەكانی دەكەین كۆی جوڵە سیاسییەكان هەمان مانای رستەكە دەدات بەدەستەوە.

یەكێك لە كێشە گەورەكانی عەقڵیەتی حیزب لە هەرێمی کوردستان ئەوەیە، هەرگیز نایەوێت ددان بە شكستی خۆیدا بنێت و، بەردەوام بیانوێك، یان دوژمنێك دادەتاشێت بۆ داپۆشینی هەڵە گەورەكانی خۆی. ئێمە لە ساڵی (۲۰۱۸) زۆر لە پاشەكشێداین لەچاو ساڵانی(۱۹۹۱). ئەم پاشە كشێ‌ و تێكشكانە، چ لەڕووی ئابوورییەوە، چ  لەڕووی سیاسییەوە، چ لە ڕووی سەربازییەوە، بەرهەمی عەقڵێك بوو نەیتوانی مۆدێلێك حوكمڕانی دورستبكات، كە ئەم مۆدێلە ببێتە دەروازەیەك بۆ ئایندەیەكی ڕوون.

پیاوێك دەڵێت: “ریفراندۆم ماڵی كوردی پەرتەوازەكرد و، دراوسێكانی یەكخست.” ئەم ڕستەیە بەبێ‌ حەقیقەت نییە، كاتێك سەیری دەرئەنجامەكانی دەكەین كۆی جوڵە سیاسییەكان هەمان مانای رستەكە دەدات بەدەستەوە. كاتی هاوار کردنی كەمپینی ڕیفراندۆم، كە دەوترا ئێستا كاتی نییە، مەبەست ئەوە نەبوو ئەم وتنە دژی دەوڵەتە، مەبەست ئەوەبوو بەڕوونی لەبەرچاوی هەموولایەكەوە بوو، دەرئەنجامەكانی قورس دەكەونەوە لەسەر كورد. ئەما گروپی لایەنگری ڕیفراندۆم بە پێچەوانەی ئەم تێگەیشتنەوە خەریكی دنەدانی دراوسێكان و، پەرتەوازەیی ناوماڵی كورد و كەمپینی نا عەقڵانی بوون، پاش شكستەكەش هیچ لایەكیان جەسارەتی ئەوەی نەكرد خۆی بكاتە خاوەنی شكستەكە و هەرلایەنێک ئەویتری گوناهباردەكرد و، خۆی واپیشاندەدا بەشێك نییە لەو شكستە!

ئێستا كورد تەنها لە هەرێمی کوردستان لەبەردەم باجدانی ریفراندۆمدا نییە، كوردانی رۆژئاواش لەبەردەم هەمان دۆخدان. جوڵەكەی توركیا دژی رۆژئاوا بەتەواوەتی دەركەوت چ ئامانجێكی هەیە. پێدەچێت توركیا بییەوێت هەمان چارەنووسی كەركووك و ناوچە كێشە لەسەرەكانی هەرێم، بگوازێتەوە بۆ شارەكانی عەفرین و ناوچە كوردییەكانی رۆژئاوا. واتە هەرچۆن لە عێراق سوپای عێراق هاتەوە بۆ ناوچە كێشە لەسەرەكان و جیهان بێدەنگی بەرامبەر ئەم جوڵەیە نواند، لە کوردستانی سووریاش دۆخێك دروستبكرێت سوپای سوریا بگەرێتەوە ناوچە كورد نشینەكان، ئیدی ئەو گەڕانەوەیە بە رێككەوتن بێت لەگەڵ كوردەكان، یان بە ناچاركردنیان گرنگ نییە، گرنگ ئەوەیە هەیمەنەی سوریا بەسەر كورددا باڵادەست بكات و پاشان رێككەوتن لەگەڵ دەوڵەتی سوریا بكات. هەمان دیمەن لە باشوور، چاوەرواندەكرێت لە رۆژئاواش دووبارە ببێتەوە، كۆی ئەم دیمەنە خەمبارانە بەرهەمی ئەو عەقڵیەتەبوو بانگەشەی ریفراندۆمی كرد بەبێ‌ ئەوەی بیرێك لە دراوسێكان بكاتەوە.

ئێمەی كورد لە ئێستادا نابێت نیگەرانبین لەوەی كورد لەبەرچاوی دونیادا لاوازدەكرێت، دەبێت نیگەرانبین لەو عەقڵەی كورد، كە دۆخەكەی گەیاندە ئێستا. دونیای ئێستا دونیای سەرمایەدارییە، واتای دونیای بەرژەوەندی و بازاڕ، كاتێك دونیا لەم دۆخەدابێت، بێگومان پێویستی بە بیركەرەوەی باش هەیە بۆ ئەوەی لەم بازارەدا فرامۆشكردن روونەدات. لەكاتی شكستی پێشوودا (كیسنجەر) وتبووی: ” كوردەكان وادەزانن من رێكخراوی خێرخوازیم داناوە، داوای پشتگیر و دەوڵەتم لێدەكەن!” ئەم تێگەیشتنە ئەمەریكیە بۆ كورد نەگۆڕاوە و، هەمان تێگەیشتنی كوردیش بۆ ئەمەریكا نەگۆڕاوە. سەیر لەوەدایە عەقڵی حیزبی كوردی هێشتا ناتوانێت لەبەرژەوەندییەوە تەماشای ئەمەریكا و ئەوروپا بكات و بە دیدێكی لاوازەوە سەیری دەكات و هەمووجارێكیش ئەم دیدە شاعیرییە گورزی كوشندە بە كورددا دەكێشێت. وڵاتانی دراوسێ‌ دەوڵەتن و بەرژەوەندییەكانیان لەگەڵ زلهێزەكان گەورەترە لەو بەرژەوەندیانەی كورد خۆی پێوە ڕادەوەشێنێت. كەوایە بۆ ئەوەی تێبگەین چ بەسەركورددا دێت، پێویستە سەیری بەرژەوەندییەكانی جیهانی دەرەوە بەرامبەر كورد بكەین، نەك تەماشای كۆبوونەوەی پێكەنیناویی و دەستگوشینی كاتی و گوتاری فریودەرانەی حیزبی.

حەفتەی پێشو شاندی سنوورەكانی عێراق هاتووەتە هەرێم. قسە لەسەر ئەوەكراوە وێنەكانی (عەبادی) لە سەر سنوورەكانی هەرێم هەڵبواسرێت! ئەم هەواڵە بۆ كوردی باشوور خەمبارانەیە، ئەما ئەمە بەشێكە لەو باجەی کورد دەرهەق بە هەڵەیەكی سیاسیی دەیدات. ریفراندۆم نەك تەنها نەیارەكانی كوردی زیندوكردەوە، هەڵوەستەیەكیشی بە دۆستەكان كرد. ئێمەی هاوڵاتییان هێشتا نازانین ئەم هەڵە گەورەیە بۆچی كرا، كە ئایندەكەی بەروونی دیاربوو چیدەبێت، لێ‌ دەزانین باجەكەی تەنها كوردی باشوور نایدا، بەڵكو پرۆژەی بەرەوپێشچونی كوردی پاشەكشێ پێكرد و وزەیەكی خستەوە بەردەم دراوسێ‌ ناكۆكەكان و بەرژەوەندییە گەورەكانی ئەوانیش دۆخێكی دروستكرد، جیهانی دەرەوە بۆ ساتێك چاوی خۆی دابخات تا ئەوەی روودەدات، رووبدات.

باجێكی دیكەی ئەو هەڵەیە لەكاتی هەڵبژاردنەكانی عێراقدا دەیدەین. لەم هەڵبژاردنەدا بە پێی هەموو ڕاپرسییە ئاشكرا و نهێنییەكان قورسایی كورد لە عێراقدا كەم دەبێتەوە. لەناوخۆ هەرێمیش فەزایەك دروستبووە ئەم فەزایە باس لەوە دەكرێت كەسانێكی زۆر بەتایبەتی لەناوچە كێشە لەسەرەكاندا دەنگ نادەن و، سزای حیزبە كوردییە دەسەڵاتدارەكان دەدەن. ئەم تێگەیشتنە وادەكات كورد لەو ناوچانە بەتەواوەتی ببێتە ژمارە سێ‌ و  جارێكی دیكە دەگەڕێینەوە سەرخاڵێكی پڕ لە ئازار. كاتێك ئەم دیمەنانە لەبەرچاون و بۆ هەریەكێك لە ئێمە روونە، ئەو عەقڵە حیزبییەی ئەم وێرانەیەی دروستكرد لەبری گەڕان بەشوێن چارەسەرێكدا، بەهەمان عەقڵەوە خەریكە لە دونیا بچوكەكەی حیزبدا بیر لە بەرژەوەندییەكانی خۆی دەكاتەوە و كۆمەڵگەیەك دەخاتە بەردەم شكستێكی دیكە.


پرینت اشتراک گذاری در فیسبوک اشتراک گذاری در توییتر اشتراک گذاری در گوگل پلاس