شنبه ۳ آبان ۱۳۹۹

بە بیانووی 17 ی گەلاوێژ ڕۆژی میدیاکار لە ئێرانئولیگارش و میدیای کوشندە و مەرگی ئەندێشە

سه‌شنبه - 28 آگوست 2018
ئولیگارش و میدیای کوشندە و مەرگی ئەندێشە

قوباد ئارەش ڕۆژنامەوان و ماستەری زانستە سیاسیەکان لە نووسراوەیەکدا بۆ حەوتەنامەی ئاوات بە بیانووی 17ی گەلاوێژ ڕۆژی میدیاکار لە ئێران باسی دەسەڵاتی ئولیگارش و چەواشەکاری میدیایی کردووە. لێرەدا دەقی ئەو نووسراوەیە پێشکەشی خوێنەران دەکرێت.

کوردنامە: بە درێژایی مێژووی هێزە سیاسیە درۆزنەکان، هەرکات هەستدەکەین شتێکی گرنگ بەڕێوەیە، سیاسەت و میدیاکان، دیاردەیەکی خێرا دەخولقێنن، بەزمانێکی نەناسراو دەدوێن، زمانێک کە زیاتر لە زمانی ئەکتەرەکانی ناو قەبرستان ئەچێت. دەنگی بکەرەکان زیاتر لە هاوار و تاسان و قیژە ئەچێت. دەنگ، سروشتە ئاساییەکەی خۆی وندەکات، زمان لە بوونی هەمێشەیی خۆی ناچێت و ئەو زمانە نییە کە لە دۆخی ئاساییدا دەدوێت، مرۆڤ هەست بە کاڵ بوونەوەی هەموو ڕەنگەکان  دەکات. ئەمە ئەو ساتەیە کە هەمووان دەیانەوێت بدوێن و هەموو دەبێت بدوێن، بەجۆرێک لە ناو ئەو ژاوەژاوەدا هیچ دەنگێک لەوی تر جیاناکرێتەوە. دەبێت هەمووان بێنە ناو ئەو ژاوەژاوەوە، هەموو بەشداربوویەکیش تووشی ئەو وەهمە ببێت و شانازی لۆکاڵی بەو خەیاڵە لاوازەی خۆیەوە بکات. ئەکتەر لە بۆشایی ئەو بازنە سەرگەردانەدا خۆی پالەوانی ژیانی خۆیە، خۆشحاڵ و سەرفرازە کە دەنگی ئەو، دەنگی زاڵە و هەمووان چاوەڕوانی دەرکەوتنی ئەویان کردووە. بەم ستراتیژیەوە هەموو بکەرەکان و هەموو ئەکتەرەکان خۆیان بە بکەری مێژوویی دەزانن، ئەوەش جەوهەر و ئیرادەی سیستەمێکە کە مرۆڤ لە چاویدا تەنیا ئامراز و ڕۆباتە، زمان بە چرکە بچوکەکانەوە دەبەسترێتەوە. لە وەها کاتێکدا ژمارەیەک میدیای ئێمە دۆخێک دەخوڵقێنێت کە بینەران و بیسەران و خوێنەرانی دەبێت لە هەموو ساتەوەختەکاندا بەرامبەر هەموو لێدوانێک و سەردانێک و هەواڵێک پەرچەکرداریان هەبێت تا رووداوەکان خێراتر و گرنگتر بن، تا دەنگە جیاوازەکان پێچەوانەتر و نەگونجاوتربن، تا ژاوەژاوەکە زیاتر گوێ کەڕبکات و مرۆڤ بەرەو ناحاڵی بوونی زیاتر بەرێت، دروستکردنی وێنەیەکی ڕوون و تێگەیشتنێکی گشتی دەبێت بە کارێکی مەحاڵتر. ئەم دۆخەش کە سیاسەت و میدیا لە وەها سیستەمێکدا پێکەوە دەیخولقێنن دۆخێکی کاتی نییە، بەڵکو میکانیزمی سەرەکی مانەوەی هەردووکیانە. سیاسەتی توندڕەوانە و میدیای چەواشەکار لای هەندێک لە هێزە سیاسیەکان دوو مەکینەن کە یەک ماتۆڕیان هەیە، ئەرکی ئەم ماتۆڕەش بەرهەمهێنانی ناڕوونی وناشەفافیەتە.

دروستکردنی ناڕوونی و تەمتومان، دروستکردنی دۆخێک کە ئینسانەکان لە سیاسەت و دونیا تێنەگەن و بەردەوام بپرسن «بەرەو کوێ» ئەوە مەرجی سەرەکییە بۆ ئەوەی ئەو هێزە سیاسیانە لایەنگرانی خۆیان بە دوای خۆیاندا ڕابکێشن، لە هەمانکاتدا ناڕوونی سروشتێکی ئایدولۆژیک بە سیاسیەت دەبەخشێت و ئەو ترسە پێویستە درووستدەکات کە هەمیشە خەڵک دەتۆقێنێ.

لە لای ئەو هێزە سیاسیانە شەفافیەت هەمییشە ئەو پەردە درۆزنانەیە کە دراوە بەسەر ناڕوونییەکی قووڵ و خۆلێڵکردن و خۆگێلکردنێکی ترسناکدا. دروستکردنی تەم و مژ و لێڵی، مەرجی سەرەکین تا درۆزنەکانی ناو سیاسەت بتوانن بە کۆمەلێک دروشم و بە دەنگێکی حەماسەیی و بە زمانێکی سەتحییەوە ئەندێشەی مرۆڤەکانی ناو کۆمەڵگا بژاکێنێن، ئەوەیە دەردی بێ دەرمانی میدیای کوشندە و چارەنووسی نادیاری ئەخلاق و ئەندێشە لە لای هێزە ئولیگارشەکان.


پرینت اشتراک گذاری در فیسبوک اشتراک گذاری در توییتر اشتراک گذاری در گوگل پلاس