شنبه ۳ آبان ۱۳۹۹

قوباد ئارەش/ تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و پاڵەوانە قیزەونەکانی کۆمەڵگای ئێمە

دوشنبه - 22 اکتبر 2018
قوباد ئارەش/ تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و پاڵەوانە قیزەونەکانی کۆمەڵگای ئێمە

پاڵەوانە قیزەوەنەكان پرۆژەیەكیان نییە زەڕەیەك بنەمای فیكری لەپشت بێت، دونیا بینیەكیان نییە بۆ سیستەم، هیچ شارەزاییەكیان نییە لە كێشە بنەرەتییەكانی حوكومڕانی و كێشە بونیادییەكانی كۆمەڵگا.

وەرن سەیری چێشتەکەم بکەن، وەرن سەیری منداڵەکەم بکەن، وەرن سەیری جلەکانم بکەن، وەن سەیری هەستە لۆکاڵیەکە درۆزنانەکەی  من بکەن چلۆن وەک سێدارە خۆمم پێیاندا هەڵواسیوە، من شۆڕشگێڕە ناڕازییەکەی سەردەمی کامێرام، من قارەمانی ناڕازی سەردەمی نمایشکردنم، ئەوانە ژمارەیەک رستەن لە زمانی وێنە و گرتەکانی ناو تۆڕە کۆمەكایەتییەکانەوە، بەشێكی زۆری نمایشكەرانی ناو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان نارەزایەتی نییە لە سیستەمێك کە مرۆڤ دەچەوسێنێتەوە، بەڵكو خۆ نمایشكردنە بۆ مەبەستێكی تر، زۆەبەی ئەوانەی خۆیان نمایشدەكەن لە راستیدا مرۆڤە سەیرەکانی دونیای ئێمەن، ئەوانە بەشێكی گرنگیان نمایشكارەكانن بۆ ئەوەی لەو رێگەیەوە خۆیان نمایشبكەن و دەستیان بگاتە ئارەزوە شاراوەكەی ناخیان.

گومانم نییە زۆربەی ئەوانە نە هوشیارییەكی بنەرەتیان لە لەسەر خۆیان هەیە، نە لەسەر سیستەمەكە دەوروبەریان، بەڵكو ئەمە دەروازەیەكە بۆ ناساندنی خۆیان بە ئەویدی و بە خەڵكی دەرەوەی دونیای خۆیان، تا لەم رێگەیەوە دەرەچەیەك بدۆزنەوە بۆ ئەوەی دەستیان بگات بە ویستە تایبەتییەكانیان.

زۆربەی ئەم پاڵەوانە ساختانە هەموو شتێك دەكەن بۆ فریودان. كێشە تەنها لەوەدا نییە وێنە راستەقینەكەی خۆیان لە شوێنێكی دیكە دەردەكەوێت كە بۆ چ مەبەستێك نمایشەكەیان كردبوو، كێشە لەوەیە خەڵك هێشتا نەگەیشتووەتە ئەو شوێنەی ساختەبوونی ئەمانە بناسێت.

پاڵەوانە ساختەكان بۆیان گرنگ نییە، کۆمەڵگا بەرەو كوێ‌ دەڕوات، ئەوەی بۆ ئەوان گرنگە بچنە ناو نارەزایەتییەكانەوە و وێنەیەك بگرن بۆ ئەو كاتەی مەبەستیانە وێنەكە بەكار بهێننەوە. كاتێك دەچنە ناو خەڵك چونەكەیان سروشتی نییە، دەیانەوێت بەم نمایشە سودێك لەو چوونە ببینن. بەشێكی تری ئەم پاڵەوانە ساختانە جۆرێک لە نووسین لە تۆڕەکاندا دەنوێنن و خۆشحاڵن بەوەی دەسەڵات و سیستەمەكە دەستگیریان بكات، یان جوڵەیەكی ناتەندروستیان لەگەڵ بكات، چونكە ئەم جووڵە ناتەندروستەی دەسەڵات دەبێتە هۆی زیاتر ناساندنیان و لە كاتی تردا ئەم ناساندنە بەكار دەهێننەوە بۆ فریودان. هەندێكیان تەنانەت دەگەنە ئەو ئاستەی پەلاماری دەسەڵات بدەن بۆ ئەوەی دەسەڵات پەرچەكردار وەربگرێت و ئەمان سودی لێبنینن. كاتێكیش سەیری مێژووەكەیان دەكەیت، مێژووێكی بەتاڵ بەتاڵی روكەشانەیە. هەریەكێك لەو پاڵەوانە درۆزنانە ئێستا بمرێت دوو رستە دوای خۆی جێناهێڵێ‌ شایەنی وتنەوە بێت. هێندە خاڵین كە بەڕێگادا دەڕۆن خڕەخڕیان دەبیستیت.

پاڵەوانە قیزەوەنەكان پرۆژەیەكیان نییە زەڕەیەك بنەمای فیكری لەپشت بێت، دونیا بینیەكیان نییە بۆ سیستەم، هیچ شارەزاییەكیان نییە لە كێشە بنەرەتییەكانی حوكومڕانی و كێشە بونیادییەكانی كۆمەڵگا. هێندە دورن لە خوێندنەوە و كتێب بەناو هێنانی كتێب تووشی رەنگ زەردی دەبن. قارەمانی قیزەون بەشوێن ویستە تایبەتییەكانی خۆیەوەتی، نە خاوەنی خەمێكی گەروەیە، نە خاوەنی هوشیارییەكی بنەرەتییە. پاڵەوانی ساختە شاشەكان و شوێنی جەماوەرییەكان دەكاتە شوێنی خۆ نمایشكردن، ئەما نمایشەكەی زۆر كاتی دەبێت، هێندە كاتی دەبێت بە چەند كاتێكی كەم دەردەكەوێت نمایشەكانی بۆ ویستێكی خۆیەتی، نەك بۆ خەمە گشتییەكانی كۆمەڵگا.

پاڵەوانی درۆزن تەنها شاشەكان ناكاتە شوێنی خۆ دەرخستنی، بەڵكو سوود لە هەموو شوێنێك دەبینێت بۆ ئەوەی بیكاتە شوێنی دروستكردنی پاڵەوانبوونی ساختەی خۆی، كاتێكیش دەستدەكات بە قسەكردن، لە شوێنێكەوە قسە دەكات هیچ هوشیارییەكی نییە لەسەر ئەو چەمكانەی كێشەی گەورەن لەناو كۆمەڵگەو سیستەمدا

پاڵەوانی ساختە تەنها ئەوانی تر فریونادات، بۆ ماوەیەكیش خۆی فریودەدات و خۆی لێدەبێتە پاڵەوانی راستەقینە. وەك (دۆنكیشۆت) پێی وایە ئەوە ئاڵای ئازادی هەڵگرتووە، پێی وایە ئەوە نوێنەری نارەزایەتییەكانە، ئەوە نوێنەری خەمە گەورەكانە. ئەو نوێنەری خەمە گشتیەكانە، هەر پاش ئەم وەهمە، وردە وردە بۆی دەردەكەوێت هاواری ناخی بۆ شتێكی دیكەیە، بۆ ویستێكی تایبەتی خۆیەتی نەك بۆ ئەوەی لەپێناویدا خۆی نمایش دەكات.

پاڵەوانی ساختە تەنها بەها گەورەكان لەناو نابات، بەڵكو ئەو ئومێدانەش لەناو دەبات لە گۆشە جیاجیاكانەوە چەكەرە دەكەن. بۆی گرنگ نییە جیهانەكە بەرەو كوێ‌ دەڕوات، تەنها بۆی گرنگە ئەو شوێنەی بووە بە گرێ‌ لەناخیدا بەدەستی بهێنێت. كاتێكیش دەگاتە شوێنەكە ئیدی خۆی و ئەوانەی فریویداون تێدەگەن چەند بەتاڵە، چەند دورە لە ناسینی كێشەكان، چە خاڵییە لە هەموو هونەرەكان.

پاڵەوانی ساختە خۆی هەڵدەواسێت بە كەسە جوانەكاندا، خۆی هەڵدەواسێت بە رەزمەكاندا، درۆ بەناوی كەسە جوانەكان و رەمزەكانەوە دەكات، دەیەوێت هەرچۆنێك بێت لەرێگەی ئەوانەوە ناوێك بۆخۆی دانێ‌. خۆی هەڵدەواسێت بە كەسە بەناوبانگەكاندا، هەندێكجار بەو زمانە قسە دەكات كەسە رۆشنبیرەكان قسەی پێدەكەن، هەندێكجار بەو شێوازە دەنووسێت كەسە پێشڕەوەكان دەنووسن، هەندێكجار شوێناو شوێن دەگەڕێت تا وێنەیەك، دیمەنێك لەگەڵ كەسە هوشیارەكان و بەناوبانگەكان بگرێت و بیكاتە كەرەستەی خۆ ناساندنی.

هەموو كردەكانی پاڵەوانە درۆزنەکانی کۆمەڵگای ئێمە بۆ ویستە تایبەتییەكەی خۆیەتی. هەمووی ئەوانەش فریوی پاڵەوانە ساختەکە دەخۆن، ئەوانەن بەتاڵبوونەكەی ناناسن، ئەوانەن جەوهەرەكەی ناناسن، ئەوانەن بڕوا بە جوڵە ناراستەكانی دەكەن و كاتێكیش وێنە راستەقینەكەی دەناسن، ئیتر پاڵەوانی ساختە گەیشتوەتە ویستەكەی خۆی.

پاڵەوانی نمایشی هیچ بنەمایەكی فیكری و ئەدەبی و هونەری نییە. نەك هەر بنەمای نییە، ژیانی بەتاڵە لە كتێب، ژیانی بەتاڵە لە بیركردنەوەی جەوهەری، ژیانی پڕە لە پرنسیپ و خۆ نمایشكردن، پرنسیپەكان و خۆ نمایشكردنەكانی بۆ تێركردنی ئارەزوەكانیەتی. هێندەش لاوازە لە پێناو گەیشتن بە ئارەزوەكانی چ رێگەی نادروست هەیە هەمووی دەگرێتە بەر.

بەڵێ جیهانەكەی ئەمڕۆی ئێمە پڕە لەم پاڵەوانە پووشاڵییانە، تۆش وەك خوێنەرێك یان وەك بینەرێك، دەتوانی پاڵەوانی ساختە و پاڵەوانی راستەقینەکان لەیەكتری جیابكەیتەوە.


پرینت اشتراک گذاری در فیسبوک اشتراک گذاری در توییتر اشتراک گذاری در گوگل پلاس