چهارشنبه ۳۱ شهریور ۱۴۰۰

کۆمەڵگا و کوشتنی ژنان لە ژێر ناوی “شەرەف”

دوشنبه - 15 مارس 2021
کۆمەڵگا و کوشتنی ژنان لە ژێر ناوی “شەرەف”

ئەوەی لە تێکەلاوی نەریتەکان و یاسای مۆدێڕن پێک دێت، دیسانەوە دەبێتە هۆی پاراستن و مانەوەی باوک سالاری کە چەند دەیە لەمەوپێش بوونی بووە، دیسانەوە توندوتیژی جێگیر دەبێت و دەبینین ڕێژەی خۆکوشتن و ژن کوشتن لە ژیر ناوی شەرەف ڕوو لە زیاد بون دەکات.

لەبیر ناکەین “شەرەف” تەنیا وشەیەک نییە بەڵکوو سیستەمێکی واتایی، یاسایی، مێژوویی، دەروونی و کۆمەڵایەتییە و ساڵانێکە لە ژیانی ئێمەدا جێ خۆی کردۆتەوە و هەر جۆرە تێکشکانی ئەم سیستەمە و پێشێل کردنی یاساکانی، بۆ ژنان تاوانی قورسی بەدواوە دەبێت. کە باسی کوشتنی نامووسی دەکەین دەبێ بیر لە کراسە خوێناوییەکەی سارینا، لەشی لاواز و شین بووی هۆژان، لەشی لەت لەت کراوی سەرگوڵ، ئەو گولانە کە مێشکی وەفایان لەت لەت کردەوە، لاشەی بێ سەری زەعفەران و گورێسی دەور ملی لەیلا و هەموو ئەو ژنانە بکەینەوە کە بکوژەکانیان هێشتا لە کۆمەڵگا و لە گەڵ ئێمەدا دەژین. دەڕۆن بۆ نانەوایی و ئیش دەکەن و ڕەنگە چاوەڕێی بانگێشت نامەیەکی دادگا بن تاکوو وەبیریان بێنێتەوە خۆشک، هاوسەر یان کچەکانیان کوشتووە.

زۆربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان کە کوشتنی نامووسی یەکێک لە ئاکامەکانیەتی، تەنیا تایبەت بە کوردستان و ئێران نییە، ئەم مانگانەی دوایی بە هۆی تەشەنەسەندنی ڤایرۆسی کۆرۆنا و پێکەوەژیان و نزیکی زۆرتری سەرکۆنەکەران لە پەنای قوربانیان، دەبینین توندوتیژییەکان لە هەموو جیهان ڕووی لە زیاد بووندایه. کاتێ باسی کوشتنی نامووسی دەکەین، دەبێ ئاوڕ لە چەند بابەتی پێوەندیدار وەکوو کاریگەری فەرهەنگ و نەریتی پیاوسالار لە پەنای گەشەی ناهاوسانی تەکنۆلۆژی و مۆدێڕنیتە، یاسای نابەرانبەر، ژیانی سیاسی، گەشە نەکردن و هەژاریی فەرهەنگی و ئابووری، نەبوونی یاسای پشتیوان، لاواز بوونی ڕێکخراوە مەدەنییەکان و ئەنجومەنەکانی لایەنگری مافی ژنان و زۆر بابەتیتر بدەینەوە.

جیاوازی سەرەکی کوشتنی نامووسی لە ئیران و وڵاتانی تر لە سێ ئاستدا دەردەکەوێ. یەکەم ڕوانینی یاسا کە دەبێتە هۆی پێک هێنانی تەنگەژەی یاسایی بەرگری‌کارانە پێش کوشتنی نامووسی. ئەو مادە یاساییانە کە پیاو وەکوو خاوەنی ژن نیشان ئەدات و گەر کوشتنەکە لە لایەن باوک، برا یان هاوسەرەوە ڕوو بدات، ئەوا سزا نادرێت.

دووهەمین ئاست لە کاتی ڕوودانی کوشتنەکە ڕوو ئەدات کە ڕێگا بۆ دەرباز بوونی یاسایی بکوژ دەکاتەوە و ڕێگای سزا نەدانی بکوژەکان ئاوەڵا دەکات و هەروەها ئیزنی داوەری لۆجیکی و ئاکاری نادات. هەروەها بەکار هینانی وشەی نامووس خۆی بەشێک لە نایاسایی و دژەمرۆیی بوونی کارەکە لە ناو دەبات و گونجاو نیشانی ئەدات. ژنانیتریش بینەری ئەم جۆرە ڕووبەڕوو بوونەوە لە گەڵ کارەکەن و دەزانن کە ئەوە یاسایی نییە و هەندێ لەو وتە و باسانە پاش کوژرانی ژنەکە دێنە ئاراوە و دەزانن کە ئەوانەش ڕاست نین و پێیانەوە لکێنراوە.

سێهەمین جیاوازی لە دۆخی پاش کوژرانە، پاش کوژرانی ژن، بنەماڵە و دایک و کەسانیتری ئەو ژنە مافی دەرکردنی گازندەیان نییە. هیچ قەرەبوویەک بۆ دایک یان منداڵانی ژن تەرخان نەکرێت. لە ڕاستیدا هیچ هاوسەنگییەک لە نێوان تاوان و سزا و عەداڵەتدا نییە. هەر جۆرە هەواڵ و ڕاگه یاندراوێک سەبارەت بە کوشتنی ژنان دەبێتە هۆی شڵەژاوی و ئاڵۆزی دەروونی ژنانی کۆمەڵگا و هەموو ژنان وا بیر دەکەنەوە هەموو ئاکارەکانیان لێک ئەدرێتەوە و سزا ئەدرێت و لە باری دەروونییەوە تووشی کێشە دەبن. ئەمە جیاوازی ئێمە و وڵاتانیترە.

کێشەی ژنان لە ئێران زیاتر لە جیاوازە زایەندییەکانە و ئێمە ئەمڕۆ جۆرێک لە چەوساندنەوەی ڕەگەزی دەبینین کە لە ئولگووە فەرهەنگی، سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتیەکانماندا ڕیشەی کوتاوە. ئاماری ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکان ئەوە دەسەلمێنن کە دوو لە سەر سێی کوشتنە نامووسییەکان لە ئێران بە دەستی ئەندامی بنەماڵەی ژن ڕوو ئەدات و بکوژ کەسێکە کە لە پەنای کوژراودا ژیاوە و پێوەندی خوێنییان پێکەوە هەیە.

پارێزگاکانی خووزستان، کوردستان، ئیلام، کرماشان، لوڕستان، سیستان و بەلووچستان، فارس، ئازەربایجانی ڕۆژاوا و ئەردەبێڵ زۆرترین ڕێژەی کوشتنی نامووسییان هەیە. لە لێکدانەوەی دۆخی ئەم پارێزگایانە تێدەگەین خاڵی هاوبەشیان زۆرە، وەکوو ڕێژەی زۆری بێکاری، گەشە نەکردنی هاوسان، دابڕانی کچان لە خویندن، زیاد بوونەوەی کەڵک وەرگرتن لە مادە هۆشبەرەکان، ڕێژەی باڵای زەواجی منداڵان، دۆخی ئابووری و شێوە ژیانی گوندیی و هەروەها سنووری بوونیان.

سەبارەت بە ناوچە کوردنشینەکان باسی زۆر هەیە بەڵام بە کورتی ئاماژە بە دوو خاڵ دەکەم یەکەم ئەوەی کە ئێستا کۆمەڵگای کوردستان لە گەڵ شێوەیەکی نوێ لە باوک سالاری ڕووبەڕوو بۆتەوە. سونەتهایەکی پێشوو تا ئێستا بە جێ ماون کە لە سەر بنەمای هێز و دەسەلاتی پیاو لە بنەماڵە دانراون و لە مێژودا ڕیشەیان هەیە.

ئێمە دەبینین ژمارەیەکی زۆر لە ژنان و کچان لە زانکۆ دەخوێنن و لە کۆمەڵگادا بەشدارن، بەرەی نوێی ژنان کە دەستیان بە مۆبایل و هەموو توره کومه لایه تیه کان دەگات، شێوازی نوێی بنەماڵە و ژیانی ژنانیتر دەبینن بەڵام هێشتاش لە ژێر دەسەڵاتی یاسای نەریتی و کۆن دان.

لە کۆتاییدا ئەوەی لە تێکەلاوی نەریتەکان و یاسای مۆدێڕن پێک دێت، دیسانەوە دەبێتە هۆی پاراستن و مانەوەی باوک سالاری کە چەند دەیە لەمەوپێش بوونی بووە، دیسانەوە توندوتیژی جێگیر دەبێت و دەبینین ڕێژەی خۆکوشتن و ژن کوشتن لە ژیر ناوی شەرەف ڕوو لە زیاد بون دەکات.

خاڵی دیکە ئەوەیە کە کاتێ دەڕوانینە جوگرافیای ئەم جۆرە کوشتنە، دەبینین بێکاری پیاوان لە سەر ئەم بابەتە کاریگەری هەیە. لە ڕەهەندی ئابوورییەوە دەتوانین ئاماژە بەم خاڵە بکەین کە پشت بەستنی ژنان بە پیاوان لە باری ئابوورییەوە یەکێک لە هۆکارەکانی ئەم جۆرە ڕووداوانەیە بە هۆی ئەوەی کە ژنانی ئەم ناوچانە سەربەخۆیی ئابوورییان نییە و شێوازی ژنانەی هەژاری ڕوون و ئاشکرایە. مەبەست لە سەربەخۆیی ئابووری تەنیا داهات و پارە نییە بەڵکوو بو هەموو ئەو کاتژمێرانە دەگرێتەوە کە ژن لە ماڵ و توندوتیژی و گومان دوور دەکەوێتەوە و شۆناسێکی مرۆیی پێ ئەدات. ژنان بەم شێوە دەبنە خاوەنی شۆناس و دەسەڵات کە ئەمەش داببڕێت، پشت بەستنی ژن بە پیاو کەم دەبێتەوە و دەسەڵاتی پیاو زۆرتر دەبێتەوە.

یادداشت: بەیان عەزیزی


پرینت اشتراک گذاری در فیسبوک اشتراک گذاری در توییتر اشتراک گذاری در گوگل پلاس