سه شنبه ۱۵ آذر ۱۴۰۱

یاقوتی ئابووری و شاری مۆڵەکانی کوردستان له نەورۆزدا

جمعه - 25 مارس 2022
یاقوتی ئابووری و شاری مۆڵەکانی کوردستان له نەورۆزدا

لە کوردستانی ئێران لە زۆربەی شارە سنوورییەکان بازاڕی کەلوپەلی بیانیان هەیه، بەڵام ناوبانگی بانە لە هەمووان زیاترە و ناسناوی وەکو یاقوتی ئابووری و شاری مۆڵەکانه

کوردنامه؛ ئەحەد پوشتیرانی، هەزار و ۴۸۲ کیلۆمەتری بڕیوە و لە کرمانەوە چووەتە بانە بۆئەوەی پێداویستییەکانی بکڕێت، دەڵێت “جاری یەکەممە دێمە بانە. نرخەکان بەراورد بە کرمان باشترە و کوالێتیی شتومەکەکانیش باشە. خەڵکی بانەش خەڵکێکی گەرموگوڕ و میواندۆست و باشن”.

لە دەستپێکردنی پشووە نەورۆزییەکانەوە، نێوشاری بانە جمەی دێت لە گەشتیار. ئەوان هاتوون لە بازاڕەکانی ئەو شارە کەلوپەلی نێوماڵ و شتومەکی بیانی بکڕن. دەڵێن، نرخەکان لێرە زۆر هەرزانترە لە شارەکانی خۆیان و لە کوالێتیی شتومەکەکانیش دڵنیان.

مریەم موسەوی، گەشتیاری تاران دەڵێت، “زۆر هاتووینەتە بانە و بەڕاستی جێیەکی باشە. نرخەکان لێرە بەراورد بە تاران زۆر زۆر باشترە. خاوەن دووکانەکانیش کوالێتیی شتەکانت پێ دەناسێنن و هەرچییەکت بوێ پێتی دەڵێن، درۆت لەگەڵ ناکەن و هەموو شتێکیش دەستدەکەوێت”.

مێهران ئاقابابایی، گەشتیاری ئیسفەهان ئاماژە بەوە دەکات، “شتێک کە لێرە بۆ من زۆر باش و گرنگە، بوونی ئەو بازاڕ و مۆڵانەی کەلوپەلی نێوماڵ و جلوبەرگ و شتی دیکەیە. بەگشتی ئێرە ناوەندێکی تاکە بۆ کڕین و هاوشێوەکەیم لە هیچ کوێی ئێران تەنانەت لە شارەکەی خۆم، لە ئیسفەهانیش، نەبینیوە. لەڕووی نرخەوە زۆر باشە و لەڕووی کوالێتیشەوە، کەلوپەلەکان ئۆرجیناڵن”.

لە شەش رۆژی یەکەمی پشووی نەورۆزدا، ۳۷۱ هەزار هاتووچۆی ئۆتۆمبێل لە پارێزگای کوردوستان تۆمارکراوە. رێژەی هاتووچۆ لە پارێزگاکانی دیکەوە بۆ پارێزگای کوردوستان ۱۳% زیاتر بووە لە پار و ۱۳۳ هەزار گەشتیار لانیکەم شەوێک لەو پارێزگایە ماونەتەوە. لەنێو پارێزگای کوردوستانیشدا، گەشتیاران زیاتر سەردانی بانەیان کردووە.

لە ساڵی ۱۹۹۱ـەوە لەو شارە سنوورییەی کوردستانی ئێران بازاڕی کەلوپەلی بیانی کراونەتەوە. دوای ساڵی ۲۰۰۰ ئەو بازاڕانە زیاتر گەشەیان کرد و لە ئاستی ئێراندا ناوبانگیان دەرکرد، بەڵام دووکاندارەکانی دەڵێن، چەند ساڵە بەهۆی خراپیی دۆخی ئابووری، دابەزینی بەهای تمەن و رێگری لە کاری کۆڵبەران ساڵ بە ساڵ بازاڕەکان بچووکتر دەبنەوە.

لە کوردستانی ئێران لە زۆربەی شارە سنوورییەکان بازاڕی کەلوپەلی بیانیان هەیه، بەڵام ناوبانگی بانە لە هەمووان زیاترە و ناسناوی وەکو یاقوتی ئابووری و شاری مۆڵەکانه.


پرینت اشتراک گذاری در فیسبوک اشتراک گذاری در توییتر اشتراک گذاری در گوگل پلاس