تاریخ انتشار : یکشنبه 27 آبان 1403 - 14:16
کد خبر : 3967

دوکتور یاسین تەها:

مەترسی و دەرفەتەکانی بەردەم عێراق و هەرێمی کوردستان لە گەڕانەوەی “ترەمپ”دا

مەترسی و دەرفەتەکانی بەردەم عێراق و هەرێمی کوردستان لە گەڕانەوەی “ترەمپ”دا
ئەم شرۆڤەیە هەوڵدەدات وێنایەكی گشتیی لەسەر لێكەوتەی گەڕانەوەی ترەمپ لەسەر عێراق و هەرێمی كوردستان پێشكەش بكات و، مەترسی و دەرفەتەكان ئاماژە پێ بكات.

گەڕانەوەی دۆناڵد ترەمپ بۆ کۆشکی سپی بۆ جارێکی تر، عێراق و هەرێمی کوردستان دەخاتە بەردەم قۆناغێکی نوێ؛ بەو پێیەی ئەم پانتاییە لە بازنەی گرنگیدان و ناوچە کاریگەرەکانە بە پەرەسەندنەکانی سیاسەتی ئەمریکا، هەروەها کۆمەڵێک دۆسییەی هاوبەش و دووقۆڵییشی لەگەڵ واشنتۆندا هەیە، لە پێش هەموویانەوە چارەنوسی هێزەکانی ئەمریکا لەم وڵاتەو چۆنێتیی ڕێکخستنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ڕکابەرە سەرەکییە ناوچەییەکەی ئەمریکا کە ئێرانە.
ئەم شرۆڤەیە هەوڵدەدات وێنایەکی گشتیی لەسەر لێکەوتەی گەڕانەوەی ترەمپ لەسەر عێراق و هەرێمی کوردستان پێشکەش بکات و، مەترسی و دەرفەتەکان ئاماژە پێ بکات.

هێڵە گشتییەکانی سیاسەتی ترەمپ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست
نیمچە کۆدەنگییەک لەنێو شرۆڤەکارانی دنیادا هەیە، کە ترەمپ سەرۆکێکی خاوەن تێزو بۆچوونی قوڵ نییە، بەڵکو زیاتر پیاوی سوپرایزو بڕیاری سەرپێییە لەبەر ڕۆشنایی هەڵهێنجان و تێگەیشتنە خێرا تایبەتەکانی خۆی. هەروەها ناوبراو راهاتووە لەگەڵ ئەوەی باز بەسەر دەزگە کلاسیکییەکانی دروستکردنی بڕیار بدات و پشت بە تواناو شۆ تایبەتەکانی خۆی لە حوکمڕانیدا ببەستێت؛ ئەم تایبەتەمەندییەیش وا دەکات پێشبینیکردنی هەنگاوەکانی زۆر قورس بێت. بەڵام بە گوێرەی شرۆڤەی باڵیۆزی پێشوو و توێژەری ئەمریکی “رۆبەرت فۆرد” کە پشتئەستورە بە ئەزموونی ترەمپ و گوتاری هەڵمەتەکەی، دەشێت گرنگترین سیاسەتەکانی لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەم خاڵانەدا بخرێنە ڕوو:

_ جێبەجێکردنی “پڕۆژەی ۲۰۲۵” کە پلانێکی گشتگیرەو بۆ ئیدارەی ترەمپ ئامادە کراوە. لە ساڵی ۲۰۲۲ ترەمپ خۆی ستایشی کردووەو چەند بەرپرسێکی پێشووی ئیدارەی یەکەمی، ئامادەیان کردووە. پلانەکە جەخت لەوە دەکاتەوە پێویستە هاوبەش و هاوپەیمانەکانی ئەمریکا رۆڵی زیاتر لە پێشگیریکردن لە ئێران ببینن، لەوانەیش وڵاتانی کەنداو لەسەر ئاستی تاک و کۆ. ئەمەش یارمەتیی ئەمریکا دەدات خۆی بۆ ئاسیاو چین یەکلایی بکاتەوە، هەروەها دەرفەت دەدات بە ئەمریکا چەکوچۆڵی زۆر بە وڵاتانی کەنداو بفرۆشێت و، لەو ڕێگەیەوە کەرتی پیشەسازیی سەربازیی ئەمریکا دەبوژێتەوە.
_ سەرباری گرنگیدانی زۆر بە چین، ئێران ئاڵنگارییەکی گەورەیە بۆ ئەمریکا لە ناوچەکەدا. لە کۆنگرەی کۆمارییەکانیشدا لە تەمموزی ۲۰۲۴، ترەمپ بانگەشەی ئەوەی کرد تاران ۲۳۰ ملیار دۆلار پارەی یەدەگی هەیەو بەهۆی سوککردنی گەمارۆکانەوە دەستی کەوتووە؛ عێراقیش کە بووەتە پاشکۆی ئێران، ۳۰۰ ملیار دۆلاری لەبەردەستە. بەم پێیەیش ترەمپ وەک یەک پاکێج مامەڵە لەگەڵ ئێران و عێراقدا دەکات؛ یان لانی کەم عێراق لەڕوانگەی ئێرانەوە دەیخوێنێتەوەو لای ئەو شوناسێکی سەربەخۆی نییە.

_ کۆمارییەکان لە “پڕۆژەی ۲۰۲۵″دا هانی ترەمپ دەدەن دەستبەرداری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەبێت، چونکە بەجێهێشتنی وا دەکات “ناوچەکە بچێتە ناو پاشاگەردانی و، دەبێتە نێچیری ڕکابەرەکانی ئەمریکا.” پرۆژەکە پێشنیاری هاوپەیمانییەکی چوارقۆڵی دەکات لەنێوان ئیسرائیل، میسرو وڵاتانی کەنداو، لەگەڵ ئەمریکا بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئێران. ئەمەش هاوشێوەی هاوپەیمانیی چوارقۆڵیی ئەمریکا، ژاپۆن، کۆریاو هیندستانە دژی هەژمونی چین.
_ پشتیوانیکردنی کراوە لە ئیسرائیل و پابەندیی ڕەها بە پاراستنی ئاسایشی دەوڵەتی عیبری لە ڕێگەی بەهێزکردنییەوە بۆ ئەوەی بتوانێت بەسەر هەڕەشەکانی ئێران و حەماس و حزبوڵڵادا زاڵ بێت. لەم نێوەیشدا ترەمپ خۆی پەیوەست ناکات بە “چارەسەری دوو دەوڵەت”و، زیاتر بە لای پرۆژەی دابەشکردنی فەلەستینییەکاندا دەچێت. سەرباری ئەمەش ترەمپ لایەنگری کۆتاییپێهێنانی بەپەلەی جەنگی غەززەیە، بەڵام وردەکاریی ئەو کۆتاییهێنانە هێشتا ئاشکرا نییە.
_ بەهێزکردنی پەیوەندی لەگەڵ تورکیا بۆ هێشتنەوەی لە بەرەی ڕۆژاوا لە کێبرکێ لەگەڵ ڕوسیاو چین. ئەگەر ئەمەش بچێتە سەر، ئەوە ئەگەری زۆر بۆ کشانەوەی سوپای ئەمریکا لە باکوری سوریاو ڕۆژهەڵاتی فورات (ڕۆژاوا) هەیە.
بەپێی خەمڵاندنی نێردراوی پێشووی ترەمپیش بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، “جیسۆن گرینبلات”، پایەکانی سیاسەتی ترەمپ لە ئیدارەی دووەمیدا بەمجۆرە دەبن:
_ کۆتاییهێنانی بەپەلەی جەنگەکان پاش بەدیهێنانی سەرکەوتن.
_ گرنگیدان بە سعودیە وەک هاوبەشی سەرەکی لە ناوچەکە.
_ ڕۆڵبینینی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە فەراهەمکردنی ئاشتی و پەرەپێدان.
_  درووستکردنی هەماهەنگی لەنێوان ئیسرائیل و وڵاتانی جیهانی عەرەبی.
_ پشتیوانیکردنی ئەو هێزانەی کە پاڵپشتیی خۆیان دەکەن و بەرژەوەندیی ئەمریکا دەپارێزن.
_ بەرەنگاربوونەوەی ڕوونی مەترسییە ئێرانییەکان بەبێ هەوڵدان بۆ جەنگی ڕووبەڕوو، لەگەڵ لەبەرچاوگرتنی ئەوەی ئەگەری هێرش بۆ سەر ئێران دوور نییە.
_ بەگژداچوونەوەی لەمپەرەکانی بەردەم پرۆژەکانی ترەمپ لەلایەن باڵە ئێرانییەکانەوە.
_ دانوستانکردن لەپێگەی هێزەوە لەگەڵ هەڕەشەکردنی ناواخندار بە بەکارهێنانی هەر هێزێک کە گونجاو بێت بۆ ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە جیهان.
لە لایەکی دیکەوە ئەو ئەنجامگیرییە ئەمریکییانەی لەبارەی کۆی سیاسەتی پێشبینیکراوی ترەمپ هەن، جەخت لە دوو خاڵی سەرەکی دەکەنەوە:
یەکەم: دروستبوونی ڕکابەری لەنێوان دەزگاکانی ئەمریکا لەسەر دەستڕۆیشتوویی (نفوز)؛ لەم نێوەندەیشدا ڕادیکاڵەکان و کلاسیکییەکان بەریەکدەکەون و چانسی سەرکەوتنیش بۆ توندڕەوەکانەو، میانڕەوەکان دەکەونە دڵەخورتێ و نیگەرانی.
دووەم: کرۆکی سیاسەتی دەرەکیی ترەمپ بەرژەوەندیخوازیی پەتی دەبێت (naked transactionalism)، ئەویش لەڕێگەی سەفقەو ڕێککەوتنەوە

گرێ گەورەکەی عێراق لەگەڵ ترەمپدا
پاش ئەوەی لەسەر فەرمانی ترەمپ هێزەکانی ئەمریکا جەنەڕاڵ “قاسم سولەیمانی” فەرماندەی سوپای قودسی ئێرانی و “ئەبو مەهدی موهەندیس”ی سوپاسالاری حەشدی شەعبیی عێراقییان لە فڕۆکەخانەی بەغدا کوشت (۲۰۲۰)، دەسەڵاتی دادوەریی عێراق لە سەرەتای ۲۰۲۱دا فەرمانی گرتنی بەپێی ماددەی (۴۰۶)ی یاسای سزادان بۆ دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی وڵاتە یەکگرتووەکان دەرکرد. ناوەڕۆکی ماددە یاسایییەکەش کوشتنی بەئەنقەستە لەگەڵ پلاندانانی پێشوەختە کە سزاکەی دەگاتە دەرکردنی حوکمی لەسێدارەدان لە حاڵەتی ساغبوونەوەی تۆمەتەکە. ئەم فەرمانەش لەئێستادا بووەتە جێگەی پرسیارو مقۆمقۆ، کە ئاخۆ حکومەتی عێراق چۆن دەتوانێت مامەڵە لەگەڵ سەرۆکێکدا بکات لە دەسەڵاتە قەزایییەکانی وڵاتەکەیدا داواکراوە. هەندێک پێیان وایە ئەگەر فەرمانی گرتنەکە تەنیا لەلایەن دادگایەکی لێکۆڵینەوەوە دەرکرایە، دەرفەت هەبوو بۆ پەردەپۆشکردنی، بەڵام پاش ئەوەی سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەریی “فایەق زێدان” لە کاتی خۆیدا راگەیاندنی فەرمانی گرتنەکەی لەئەستۆ گرت و جەختی کردەوە “هیچ دوودڵی ناکەن لە گرتنەبەری ڕێوشوێنی یاسایی دژی ترەمپ “، پەردەپۆشکردنی بڕێک ناخۆشترە؛ بەڵام یاساییەکان باس لەوە دەکەن بەپێی ڕێککەوتنەکانی ڤیەننا ئەوانەی دەبنە سەرۆکی دەوڵەت، خاوەن پارێزبەندیی یاسایین و ناکرێت لێپێچینەوەیان لەگەڵدا بکرێت. ئەمەش دەرچەیەکی قوتاربوونەو تەنانەت لە نێوخۆی ئەمریکاش ترەمپ داواو سکاڵاکانی سەری ڕادەگیرێن و حاڵەتەکە تەنیا عێراق نییە.

لە پاش ڕاگەیاندنی سەرکەوتنی ترەمپیشەوە عێراق بەفەرمی و خێرا لە ڕێگەی سەرۆک کۆمارو سەرۆک وەزیرانەوە پیرۆزبایی پرۆتۆکۆڵییان لە ترەمپ کرد؛ لە پەیامەکانیشیاندا هیوای کارکردنی هاوبەشیان لەگەڵدا خواست. ئەمەش دەشێت فەرامۆشکردنی کردەییانەی ئەو فەرمانی گرتنە بێت کە لە بەغدا دژی ترەمپ دەرچووە.
لە پەیوەندیی تەلەفۆنیی سەرۆک وەزیران، “محەمەد شیاع سودانی”دا لەگەڵ ترەمپ، بەپێی بەیاننامەی فەرمیی بەغدا، ناوبراو ئامادەیی کاری هاوبەشی دەربڕیوە لەگەڵ حکومەتی عێراقی؛ چ لەبارەی دۆسییە هاوبەشەکان، چ بارودۆخی ناوچەکە. نەک هەر ئەوە بەڵکو خوازیاریش بووە سودانی لە دەرفەتێکی نزیکدا سەردانی واشنتۆن بکات؛ هەر بەپێی بەیاننامەکەی حکومەتی عێراق.

گرفت و مەترسییەکانی سەر عێراق لە ئیدارەی ترەمپدا
بەپێی پێدراوە بەردەستەکان، گەڕانەوەی ترەمپ بۆ کۆشکی سپی، عێراق دەخاتە بەردەم کۆمەڵێک ئاستەنگ و پێشهات کە گرنگترینیان دەشێت ئەمانەی خوارەوە بن:
_ بەو پێیەی دروشمی سەرەکیی هەڵمەتی ترەمپ گێڕانەوەی ناوبانگی ئەمریکا بووە، باوەڕێک هەیە کە ناوبراو چاوپۆشی لە بەکارهێنانی عێراق نەکات وەک پانتاییەکی پشتیوانی لە ئێران لە ڕێگەی هەژمونی گروپە شیعەکانەوە. لە لێدوانەکانیشیدا ترەمپ ئاماژەی بەوە کردووە پارەو سامانی عێراق بۆ بەهێزکردنی ئێران ئاڕاستە دەکرێت. ئەمەش دەیخاتە بەردەم ئەگەری سزادان و بەئامانجگرتن، لە حاڵەتێکدا کە ترەمپ بڕیار بدات بەتوندی بەرپەرچی ئێران و باڵەکانی بداتەوە.
_ عێراق ئەزموونێکی باش و ئەرێنیی نییە لەگەڵ ویلایەتی یەکەمی ترەمپ (۲۰۱۶_۲۰۲۰)، بەتایبەت کە ناوبراو بەشێوەیەکی کتوپڕ سەردانی سەربازگەی ئەمریکای کرد لە ڕۆژاوای عێراق، بێ ئەوەی لە بەغداوە بڕوات (۲۰۱۸). ئەوکاتیش ئەمە بە “پێشێلکردنی سەروەریی خاکەکەی” لێکدرایەوەو دەگوترا هاتن و چوونەوەکەی بەبێ ئاگاداریی حکومەتی عێراق بووەو هیچ ڕێزی لە سەروەریی وڵاتەکە نەگرتووە.
_ ترەمپ لە ئیدارەی یەکەمیدا (۲۰۱۶_۲۰۲۰) هەڕەشەی زۆری لە عێراق کردووە ئەگەر خاکەکەی ببێتە گۆڕەپانی هێرشکردنە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا. لە ئێستایشدا عێراق کەوتووەتە ناوەڕاستی جوگرافیای جەنگ و ڕووبەڕووبوونەوەی ئێران و ئیسرائیل و، پاڵێوراوە بۆ ئەوەی بۆ هەمان مەبەست بەکار بهێنرێت.
_ پشتیوانیی ڕەهای ترەمپ لە ئیسرائیل پێچەوانەو دژە لەگەڵ سیاسەت و خواستی میللی و فەرمیی عێراق کە پشتیوانیکردنە لە غەززەو باشوری لوبنان. بەم هۆیەشەوە هەر چەشنە نزیکبوونەوەیەکی حکومەتی عێراق لە ئیدارەی ترەمپ، بەر ناڕەزایی بنکەی جەماوەریی شیعی و ڕایگشتیی عێراقی دەکەوێت کە بەشێکن لە تووڕەیی شەقامی عەرەبی و ئیسلامی دەربارەی کاولکارییەکانی فەلەستین و لوبنان. هەروەها مەترسییەک هەیە لە ئیدارەی ترەمپدا پرۆژەی گریمانکراوی راگواستنی شیعەی لوبنان بۆ عێراق سەر بگرێت. زەمینەی ئەمەش پاش کاولکردنی باشوری لوبنان، لەبارتر بووە.
_ هەرچەندە ترەمپ لایەنگری کەمکردنەوەی دەستوەردانی سەربازی بووە لە عێراق و ئەفغانستان، بەڵام هیچ کات سڵ لە بەکارهێنانی هێز بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانی ناکاتەوە. ئەمەش باوەڕی کەسانی نزیک لە ترەمپەو بەدووری نازانن هێز بەرامبەر ئێران بەکار بهێنێت ئەگەر لە پرۆژە ئەتۆمییەکەی بچێتە پێشەوە. ئەم ئامادەییەش بۆ عێراق حاڵەتێکی نەرێنییە کە توانای کۆنترۆڵکردنی باڵە ئێرانییەکانی ناوخۆی نییە لەو حاڵەتەدا.
_ پێداگریی ترەمپ لەسەر جێبەجێکردنی گەمارۆکانی سەر ئێران بەبێ هەڵاواردن، وا دەکات چاوپۆشی ئەمریکا لەسەر فرۆشتنی نەوتی ئێران بە چین هەڵگرێت. ئەم ئاسانکارییەش لە سەردەمی بایدندا بەرامبەر بە ڕاگرتنی هێرشی باڵە ئێرانییەکان بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و سوریا بە ئێران بەخشراوە. لە حاڵەتی هەڵوەشانەوەی ڕێککەوتنە ناڕاستەوخۆکەشدا ئەگەری گەڕانەوەی گرژی بۆ عێراق هەیە.
_ چاوەڕوان دەکرێت ترەمپ ڕێچکەیەکی توند بەرامبەر عێراق بگرێتە بەر، ئەگەر بەردەوام بێت لە کڕینی سوتەمەنی لە ئێران و ڕەنگە ڕێگەپێدانەکانی بۆ نوێ نەکاتەوە. ئەگەریش ترەمپ سەرچاوەکانی وزەی ئێرانی بکاتە ئامانج، لێکەوتەی خراپی لەسەر عێراق دەبێت، چونکە ۵۰%ی سەرچاوەکانی گازی سروشتیی عێراق لە ئێرانەوەیە.
_ باوەرێک هەیە کە ئیدارەی ترەمپ چیدی یاریکردنی گروپەکانی عێراق لە ناوچەی خۆڵەمێشی قبوڵ نەکات و عێراق بخاتە بەردەم دوو بەرداش: دۆست و دوژمن. ئەم خۆیەکلاکردنەوەیەش بۆ عێراق لێکەوتەی هەیە.
_ گروپە شیعەکان عێراقیان خستووەتە بەرەی دژەئەمریکاو، ئەوەیان یەکلایی کردووەتەوە ئەوان بەشێکن لە “بەرەی موقاوەمە” بەبێ ڕەچاوکردنی ئەگەری گەڕانەوەی ترەمپ.
_ وڵاتانی کەنداو بۆ ڕازیکردنی ترەمپ سیاسەتی هەرزانکردنی نرخی نەوت پەیڕەو دەکەن بۆ سوککردنی باری سەرشانی واشنتۆن و بازاڕەکانی ئەمریکا. ئەمەش لێکەوتەی لەسەر دارایی عێراق دەبێت.

دەرفەتە هاوبەشەکانی عێراق و ئیدارەی ترەمپ
سەرباری هەڕەشەو مەترسییەکانی سەرەوە، هەندێک دەرفەتی هاوبەشیش هەن بۆ کارکردنی عێراق لەگەڵ ترەمپ، کە دەشێت لەم خاڵانەدا کورت بکرێنەوە:
_ عێراق پانتاییەکی گرنگە بۆ ستراتیژییەتی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەتایبەت پاش ئەو خەرجی و قوربانییانەی ئەمریکا لە پاش ۲۰۰۳ داویەتی بۆ ڕووخاندنی ڕژێمی پێشوو. هەروەها عێراق گرنگە بۆ ئاسایشی وزەو، ۵%ی نەوتی جیهان بەرهەم دەهێنێت؛ جگە لەوەش بۆ پاراستنی ئاسایشی هاوپەیمانانی ئەمریکا گرنگە.
_ عێراق و ئەمریکا ڕێککەوتننامەیەکی چوارچێوەییان هەیە بۆ ڕێکخستنی پەیوەندییەکانیان (صوفا)، هەروەها چەند لیژنەیەکی ئەمنیی هاوبەشیان هەیە لەبارەی پێداچوونەوەی دۆخی سەربازی و چارەنوسی هێزەکانی ئەمریکا. هەر لەم بەینەیشدا بەشی هەرە زۆری چەک و تەقەمەنیی عێراقی و ڕاهێنان و مەشقی سوپاو هێزە ئەمنییەکانی، ئەمریکین و ئاسمان و سیستەمە هەواڵگری و سەربازییەکەی، پەیوەستە بە سوپای ئەمریکاوە. ئەمە وا دەکات هیچ سەرۆکێکی ئەمریکی نەتوانێت دەستبەرداری ببێت.
_ عێراق دەتوانێت ڕۆڵی ناوبژیوانی لەنێوان ئەمریکاو ئێران ببینێت و پەیامی واشنتۆن بە تاران بگەیەنێت. هەندێک سەرچاوە باس لەوە دەکەن لە دوا پەیوەندیی تەلەفۆنیی سودانی و ترەمپدا ئەوە ڕووی داوە.
_ باوەڕ وایە ترەمپی ۲۰۲۴ جیاوازتر بێت لە ترەمپی ۲۰۱۶٫ لە خولی یەکەمدا ئەزموونی کەمتر بووەو کەمتر پێگەیشتوو بوو؛ جگە لەوە ئەزموونی ویلایەتی یەکەمی بەردەستەو، دەشێت بەرچاوڕوونیی تێدا بێت. لە ئێستایشدا ترەمپ دەور دراوە بە ڕاوێژکاری جۆراوجۆرو، سەیری بەرژەوەندیی ئەمریکا دەکات.
_ دەشێت ترەمپ ڕازی بێت بە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا هەنگاو بە هەنگاو لە ساڵانی ۲۰۲۵ و ۲۰۲۶؛ ڕەنگە ئەم خشتەیە خێراتر بکات لە سۆنگەی پێداگریکردن لەسەر گرنگیدان بە ناوخۆی ئەمریکاو کەمکردنەوەی دەستوەردانی سەربازیی ڕاستەوخۆ لە دەرەوە. ئەمە بۆ هێزە شیعە عێراقییەکان گرنگ و ئامانجە.
_ عێراق دەتوانێت دەرگای وەبەرهێنان بۆ کۆمپانیا ئەمریکییەکان واڵا بکات و ئەوەیشی تائێستا لە کەسانی نزیکی سەرۆک وەزیرانەوە دەرچووە، باس لەوە دەکەن سودانی خواستی هەیە زیاتر لە پەیوەندیی ئەمنی لەگەڵ واشنتۆندا بچێتە پێش و لێکگەیشتنی نوێ لەگەڵ کۆشکی سپیدا بکات، بەتایبەت لە کەرتی وزەدا.
_ لەناو تیمی ترەمپدا ژنە پارێزەرێکی کلدانیی عێراقی هەیە بە ناوی “ئیلینا حەببە”. ئەم ژنە ۳۹ ساڵانەیە سەرپەرشتیی کاروباری یاسایی ترەمپ دەکات و بریکاری بووە لە چەند دۆسییەیەکی هەستیاردا؛ هەروەها شانازی بە ڕەچەڵەکی باوک و دایکی خۆیشییەوە کردووە، کە بەر لە ۴۰ ساڵ لە عێراق هەڵهاتوون. دەشێت ئەم ژنە بەکار بهێنرێت بۆ پەیوەندیکردنی بەرپرسانی عێراق و ترەمپ. هەروەها جێگری سەرۆکی ئەمریکا “جی دی ڤانس” پێشتر لەنێوان ۲۰۰۳_۲۰۰۷ لە هێزەکانی پیادەی دەریایی خزمەتی لە عێراقدا کردووە. بەم هۆیەیشەوە بە کێشەکانی عێراق ئاشنایەو، دەشێت هاوشێوەی بایدن لە سەردەمی ئۆباما لە دۆسییەی عێراقدا کار بکات.

هەرێمی کوردستان و بەشەکانی تری کوردستان

دەرهەق بە هەرێمی کوردستان، لە سایەی گەڕانەوەی ترەمپدا بۆچونێک هەیە پێی وایە ترەمپ دەستکاریی بنەڕەتیی سیاسەتی ئەمریکا بەرامبەر کورد ناکات؛ سیاسەتی ڕاگەیەنراوی ئەمریکاش “پشتیوانیکردنی هەرێمێکی کوردستانی بەهێزە لەچوارچێوەی عێراقی فیدراڵدا.”  بەڵام بەهۆی ئەوەی لە ئیدارەی ترەمپدا ۱۶ی ئۆکتۆبەری کەرکوک و کەوتنی عفرین و دروستکردنی پشتێنەی ئەمنیی تورکی لە ڕۆژهەڵاتی فورات (ڕۆژاوا) ڕوویان دا، مەترسییەک هەیە کە ترەمپ هاوشێوەی ئیدارەی دیموکراتەکان بەتەنگ کێشەی کەمایەتییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پرسی دیموکراسییەوە نەیەت و زیاتر فۆکەس بخاتە سەر هێزە گەورەو خاوەن بەرژەوەندییەکان لە ناوچەکەدا. لەم نێوەندەدا بۆچوونێک هەیە پێی وایە دەشێت ترەمپ کشاندنەوەی سوپای وڵاتەکەی لە عێراق و باکوری سوریا خێراتر بکات. بەپێی ئەو ئاماژانەی بەردەستن، کشانەوەی ئەمریکا لە زیانی پێکهاتەکانی کوردو سوننەو هاوپەیمانەکانی ئەمریکایە لە ناوچەکەدا، هەروەها بۆشایی ئەمریکاش لەلایەن ڕکابەرانی واشنتۆنەوە پڕ دەکرێتەوە. ئەمەش لەدەستدانی خاڵە لەلایەن ئەمریکاوە بەرامبەر بەرەی چین و ڕوسیاو، ڕوودانی جێگەی گومان و ئەگەری زۆرە؛ بەڵام پێشهاتێکە دەبێت هەرێمی کوردستان ڕەچاوی بکات.
لە ئۆکتۆبەری ۲۰۱۹ کە ترەمپ لەپڕ بڕیاری کشاندنەوەی سوپاکەی دا لە باکوری سوریاو ڕۆژهەڵاتی فورات، هەندێک میدیای بەریتانی هەنگاوەکەیان بە “خیانەت” لە قوربانییەکانی کورد دژی داعش لە قەڵەم دا. لەو ماوەیەیشدا ترەمپ “شەش لێدوانی چەواشەکارانەی” دەربارەی ڕۆژهەڵاتی فورات و جەنگی داعش و پەیوەندیی کورد و تورکیا ڕاگەیاند؛  پێشتریش لە هەرێمی کوردستان هەمان هەست و دڵشکان بەرامبەر بە تەماشاکەرمانەوەی ئەمریکا هەبوون لە ڕووداوەکانی ۱۶ی ئۆکتۆبەری کەرکوک، لە کاتێکدا هێزە فیدراڵییەکان و پێکهاتەکانی نێو دەزگای حەشدی شەعبی  بەرەو سنورەکانی هەرێم جموجۆڵیان پێ کرا.
سەرباری ئەمانەش دەشێت هەرێمی کوردستان لە ویلایەتی دووەمی ترەمپدا بتوانێت لەبەر ڕۆشناییی ئەزموونی ویلایەتی یەکەم، لە سیستەمی نوێی هەرێمایەتیدا خۆی بگونجێنێت و هاوکار بێت لە بەرقەرارکردنی بەرژەوەندییە هاوبەشەکان لە ڕێگەی ئەو پەیوەندییە دیپلۆماسی و ئەمنییانەی لەگەڵ ئەمریکا و وڵاتانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش هەیەتی؛ بەتایبەت کە لە دوا دیداری میدیایی باڵیۆزی ئەمریکاشدا لە هەولێر “ئەلینا ڕۆمانۆڤسکی” جەخت لەوە کراوەتەوە ئەمریکا پابەندی و ئامادەیی بەهێزی لە کوردستان هەیە. هەرێم پردی ژمارەیەک کۆمپانیای ئەمریکییە لە ناوچەکەو جێپێیەکە بۆ وەبەرهێنان لە ناوچەکە و عێراق؛ هەندێک لەو وەبەرهێنانانەیش بەرهەمیان هەبووە و لقیان گواستراوەتەوە بۆ بەغدا. بەڵام سیاسەتی ترەمپ تا ڕاددەیەکی زۆر پەیوەستە بەو ستافەی کە بۆ ئیدارەکەی دیاری دەکات.
لە پاش ڕاگەیاندنی سەرکەوتنی ترەمپیشەوە ئیسرائیل هەوڵ دەدات کورد وەک هاوپەیمان وێنا بکات بۆ هەراسانکردنی تورکیاو سوریاو ئێران. لەمبارەیەوە وەزیری نوێی دەرەوە لە تەلئەبیب “گەدعون ساعر” لە بەیاننامەیەکدا نوسیویەتی: “گەلی کورد هاوپەیمانێکی سروشتیی ئێمەن.” هەروەها دەڵێت: “پێویستە دەستی یارمەتییان بۆ درێژ بکەین و پەیوەندییان لەگەڵدا بەهێز بکەین. ئەم کارە ڕەهەندی سیاسی و ئەمنییشی هەیە”. ئەم بانگەوازە ئەگەرچی لە بەرژەوەندیی دۆخی هەرێمی کوردستاندا نییەو زیاتر هەراسانکردنی میدیایی ڕکابەرانی ئیسرائیلە، بەڵام بە دیوێکی تردا گرنگیی هەڵکەوتەی جوگرافیای کوردستان لە گۆڕەپانی ململانێ ناوچەییەکەدا دەردەخات و دەشێت وەبەرهێنانی تێدا بکرێت.
سەرباری ڕەشبینییەکانیش لە هەنگاوەکانی ترەمپ، مەرج نییە هەموو پلان و بەرنامەکانی سەرۆکی ژمارە ۴۷ی ئەمریکا ڕێگە بدۆزنەوە بۆ جێبەجێکردن؛ هەروەها مەرج نییە بڕیارە کتوپڕەکانی لەسەر ئەرز زەمینەیان هەبێت بۆ پراکتیزەکردن؛ ئەمە لە ئەزموونی ئیدارەی یەکەمدا (۲۰۱۶_۲۰۲۰) بەڕوونی دیار بوو. هەندێک لە بڕیارەکانی بەر دیواری دەزگا ئەمنی و سەربازییە دێرین و کلاسیکییەکانی ئەمریکا کەوتن و ڕاگیران، وەک: بڕیای کشاندنەوەی سوپاکەی لە ڕۆژهەڵاتی فورات لە سوریا.

کۆبەند
گەڕانەوەی ترەمپ، جیهان و ناوچەکەو عێراقی خستووەتە بەردەم پێشهات و پێشبینیی نوێ. ناونیشانی سەرەکیی قۆناغی داهاتوو دەشێت “ناڕوونی” بێت، چونکە سروشتی سەرکردایەتیی ترەمپ وایە لەبری کاری دەزگایی و پەنابردن بۆ دامەزراوەکانی بڕیار، تاکلایەنە و لەپڕدا بڕیار دەدات و زیاتر پشت بە پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ سەرکردەکانی جیهان دەبەستێت.
دەربارەی عێراق دۆخەکە هەستیارترە چونکە هێشتا کێشەی قوڵ هەیە کە ئایا ئەمریکا هاوپەیمان و دۆست یان دوژمنی عێراقە؟ ئەمەش وا دەکات دۆخی ئەم وڵاتە بەڕووی کاردانەوەی جۆراوجۆری ترەمپدا کراوە بێت؛ لەگەڵ ئەوەشدا عێراق هەندێک کەرەستە و ڕایەڵی هەیە بۆ گرێدانی پەیوەندی لەگەڵ ئیدارەی نوێ، ئەگەر زەمینەی نێوخۆیی لەبار بێت و بتوانێت لەگەڵ ئەمریکای ترەمپ بەرکاریان بکات. لەنێو ئەم ئاڵۆزییەیشدا هەرێمی کوردستان و بەشەکانی دیکەی کوردستان دەکەونە ژێر کاریگەرییەوەو؛ وریایی و چاوکراوەیی پێویستە بۆ پەیوەستکردنەوەی هەرێم بەو بلۆکبەندییە سیاسی و ئەمنییانەی بۆ هەماهەنگی لەگەڵ سیستەمی نوێی زاڵ و باڵادەست لە ناوچەکە، پێکدەهێنرێت. / درەو

ارسال نظر شما
مجموع نظرات : 0 در انتظار بررسی : 0 انتشار یافته : ۰
  • نظرات ارسال شده توسط شما، پس از تایید توسط مدیران سایت منتشر خواهد شد.
  • نظراتی که حاوی تهمت یا افترا باشد منتشر نخواهد شد.
  • نظراتی که به غیر از زبان فارسی یا غیر مرتبط با خبر باشد منتشر نخواهد شد.

اخبار

اقتصاد

فتوتیتر

تبلیغات