تاریخ انتشار : شنبه 5 اسفند 1396 - 23:06
کد خبر : 1024

قوباد ئارەش/ خوێندنەوەیەک بۆ عەقڵییەتی سیاسی کورد و گورزی کوشندەی ڕیفراندۆم

قوباد ئارەش/ خوێندنەوەیەک بۆ عەقڵییەتی سیاسی کورد و گورزی کوشندەی ڕیفراندۆم

یەکێک لە کێشە گەورەکانی عەقڵیەتی حیزب لە هەرێمی کوردستان ئەوەیە، هەرگیز نایەوێت ددان بە شکستی خۆیدا بنێت و، بەردەوام بیانوێک، یان دوژمنێک دادەتاشێت بۆ داپۆشینی هەڵە گەورەکانی خۆی. ئێمە لە ساڵی (۲۰۱۸) زۆر لە پاشەکشێداین لەچاو ساڵانی(۱۹۹۱). ئەم پاشە کشێ‌ و تێکشکانە، چ لەڕووی ئابوورییەوە، چ  لەڕووی سیاسییەوە، چ لە ڕووی سەربازییەوە، بەرهەمی عەقڵێک بوو

یەکێک لە کێشە گەورەکانی عەقڵیەتی حیزب لە هەرێمی کوردستان ئەوەیە، هەرگیز نایەوێت ددان بە شکستی خۆیدا بنێت و، بەردەوام بیانوێک، یان دوژمنێک دادەتاشێت بۆ داپۆشینی هەڵە گەورەکانی خۆی. ئێمە لە ساڵی (۲۰۱۸) زۆر لە پاشەکشێداین لەچاو ساڵانی(۱۹۹۱). ئەم پاشە کشێ‌ و تێکشکانە، چ لەڕووی ئابوورییەوە، چ  لەڕووی سیاسییەوە، چ لە ڕووی سەربازییەوە، بەرهەمی عەقڵێک بوو نەیتوانی مۆدێلێک حوکمڕانی دورستبکات، کە ئەم مۆدێلە ببێتە دەروازەیەک بۆ ئایندەیەکی ڕوون.

پیاوێک دەڵێت: “ریفراندۆم ماڵی کوردی پەرتەوازەکرد و، دراوسێکانی یەکخست.” ئەم ڕستەیە بەبێ‌ حەقیقەت نییە، کاتێک سەیری دەرئەنجامەکانی دەکەین کۆی جوڵە سیاسییەکان هەمان مانای رستەکە دەدات بەدەستەوە. کاتی هاوار کردنی کەمپینی ڕیفراندۆم، کە دەوترا ئێستا کاتی نییە، مەبەست ئەوە نەبوو ئەم وتنە دژی دەوڵەتە، مەبەست ئەوەبوو بەڕوونی لەبەرچاوی هەموولایەکەوە بوو، دەرئەنجامەکانی قورس دەکەونەوە لەسەر کورد. ئەما گروپی لایەنگری ڕیفراندۆم بە پێچەوانەی ئەم تێگەیشتنەوە خەریکی دنەدانی دراوسێکان و، پەرتەوازەیی ناوماڵی کورد و کەمپینی نا عەقڵانی بوون، پاش شکستەکەش هیچ لایەکیان جەسارەتی ئەوەی نەکرد خۆی بکاتە خاوەنی شکستەکە و هەرلایەنێک ئەویتری گوناهباردەکرد و، خۆی واپیشاندەدا بەشێک نییە لەو شکستە!

ئێستا کورد تەنها لە هەرێمی کوردستان لەبەردەم باجدانی ریفراندۆمدا نییە، کوردانی رۆژئاواش لەبەردەم هەمان دۆخدان. جوڵەکەی تورکیا دژی رۆژئاوا بەتەواوەتی دەرکەوت چ ئامانجێکی هەیە. پێدەچێت تورکیا بییەوێت هەمان چارەنووسی کەرکووک و ناوچە کێشە لەسەرەکانی هەرێم، بگوازێتەوە بۆ شارەکانی عەفرین و ناوچە کوردییەکانی رۆژئاوا. واتە هەرچۆن لە عێراق سوپای عێراق هاتەوە بۆ ناوچە کێشە لەسەرەکان و جیهان بێدەنگی بەرامبەر ئەم جوڵەیە نواند، لە کوردستانی سووریاش دۆخێک دروستبکرێت سوپای سوریا بگەرێتەوە ناوچە کورد نشینەکان، ئیدی ئەو گەڕانەوەیە بە رێککەوتن بێت لەگەڵ کوردەکان، یان بە ناچارکردنیان گرنگ نییە، گرنگ ئەوەیە هەیمەنەی سوریا بەسەر کورددا باڵادەست بکات و پاشان رێککەوتن لەگەڵ دەوڵەتی سوریا بکات. هەمان دیمەن لە باشوور، چاوەرواندەکرێت لە رۆژئاواش دووبارە ببێتەوە، کۆی ئەم دیمەنە خەمبارانە بەرهەمی ئەو عەقڵیەتەبوو بانگەشەی ریفراندۆمی کرد بەبێ‌ ئەوەی بیرێک لە دراوسێکان بکاتەوە.

ئێمەی کورد لە ئێستادا نابێت نیگەرانبین لەوەی کورد لەبەرچاوی دونیادا لاوازدەکرێت، دەبێت نیگەرانبین لەو عەقڵەی کورد، کە دۆخەکەی گەیاندە ئێستا. دونیای ئێستا دونیای سەرمایەدارییە، واتای دونیای بەرژەوەندی و بازاڕ، کاتێک دونیا لەم دۆخەدابێت، بێگومان پێویستی بە بیرکەرەوەی باش هەیە بۆ ئەوەی لەم بازارەدا فرامۆشکردن روونەدات. لەکاتی شکستی پێشوودا (کیسنجەر) وتبووی: ” کوردەکان وادەزانن من رێکخراوی خێرخوازیم داناوە، داوای پشتگیر و دەوڵەتم لێدەکەن!” ئەم تێگەیشتنە ئەمەریکیە بۆ کورد نەگۆڕاوە و، هەمان تێگەیشتنی کوردیش بۆ ئەمەریکا نەگۆڕاوە. سەیر لەوەدایە عەقڵی حیزبی کوردی هێشتا ناتوانێت لەبەرژەوەندییەوە تەماشای ئەمەریکا و ئەوروپا بکات و بە دیدێکی لاوازەوە سەیری دەکات و هەمووجارێکیش ئەم دیدە شاعیرییە گورزی کوشندە بە کورددا دەکێشێت. وڵاتانی دراوسێ‌ دەوڵەتن و بەرژەوەندییەکانیان لەگەڵ زلهێزەکان گەورەترە لەو بەرژەوەندیانەی کورد خۆی پێوە ڕادەوەشێنێت. کەوایە بۆ ئەوەی تێبگەین چ بەسەرکورددا دێت، پێویستە سەیری بەرژەوەندییەکانی جیهانی دەرەوە بەرامبەر کورد بکەین، نەک تەماشای کۆبوونەوەی پێکەنیناویی و دەستگوشینی کاتی و گوتاری فریودەرانەی حیزبی.

حەفتەی پێشو شاندی سنوورەکانی عێراق هاتووەتە هەرێم. قسە لەسەر ئەوەکراوە وێنەکانی (عەبادی) لە سەر سنوورەکانی هەرێم هەڵبواسرێت! ئەم هەواڵە بۆ کوردی باشوور خەمبارانەیە، ئەما ئەمە بەشێکە لەو باجەی کورد دەرهەق بە هەڵەیەکی سیاسیی دەیدات. ریفراندۆم نەک تەنها نەیارەکانی کوردی زیندوکردەوە، هەڵوەستەیەکیشی بە دۆستەکان کرد. ئێمەی هاوڵاتییان هێشتا نازانین ئەم هەڵە گەورەیە بۆچی کرا، کە ئایندەکەی بەروونی دیاربوو چیدەبێت، لێ‌ دەزانین باجەکەی تەنها کوردی باشوور نایدا، بەڵکو پرۆژەی بەرەوپێشچونی کوردی پاشەکشێ پێکرد و وزەیەکی خستەوە بەردەم دراوسێ‌ ناکۆکەکان و بەرژەوەندییە گەورەکانی ئەوانیش دۆخێکی دروستکرد، جیهانی دەرەوە بۆ ساتێک چاوی خۆی دابخات تا ئەوەی روودەدات، رووبدات.

باجێکی دیکەی ئەو هەڵەیە لەکاتی هەڵبژاردنەکانی عێراقدا دەیدەین. لەم هەڵبژاردنەدا بە پێی هەموو ڕاپرسییە ئاشکرا و نهێنییەکان قورسایی کورد لە عێراقدا کەم دەبێتەوە. لەناوخۆ هەرێمیش فەزایەک دروستبووە ئەم فەزایە باس لەوە دەکرێت کەسانێکی زۆر بەتایبەتی لەناوچە کێشە لەسەرەکاندا دەنگ نادەن و، سزای حیزبە کوردییە دەسەڵاتدارەکان دەدەن. ئەم تێگەیشتنە وادەکات کورد لەو ناوچانە بەتەواوەتی ببێتە ژمارە سێ‌ و  جارێکی دیکە دەگەڕێینەوە سەرخاڵێکی پڕ لە ئازار. کاتێک ئەم دیمەنانە لەبەرچاون و بۆ هەریەکێک لە ئێمە روونە، ئەو عەقڵە حیزبییەی ئەم وێرانەیەی دروستکرد لەبری گەڕان بەشوێن چارەسەرێکدا، بەهەمان عەقڵەوە خەریکە لە دونیا بچوکەکەی حیزبدا بیر لە بەرژەوەندییەکانی خۆی دەکاتەوە و کۆمەڵگەیەک دەخاتە بەردەم شکستێکی دیکە.

برچسب ها :

ناموجود
ارسال نظر شما
مجموع نظرات : 0 در انتظار بررسی : 0 انتشار یافته : ۰
  • نظرات ارسال شده توسط شما، پس از تایید توسط مدیران سایت منتشر خواهد شد.
  • نظراتی که حاوی تهمت یا افترا باشد منتشر نخواهد شد.
  • نظراتی که به غیر از زبان فارسی یا غیر مرتبط با خبر باشد منتشر نخواهد شد.

اخبار

اقتصاد

فتوتیتر

تبلیغات