تاریخ انتشار : سه شنبه 7 مرداد 1404 - 17:49
کد خبر : 4262

شار هەوری خەم دایپۆشیوە!

شار هەوری خەم دایپۆشیوە!

سووتانی ئاویەری ئەستوور و شەهیدانی ژینگەپارێز داخی خەمێکی قورسیان بە جەرگی سنەوە چزاند و هەورێک لە خەم شاری داپۆشیوە. ناخهەژێن، گران، جەرگبڕ، قورس و بێ ساڕێژ وەک هەواڵی شەهیدبوونی یارە وەفادارەکانی ئاویەر! ئەم رۆژانە دڵی سنە و ئاویەر لە داخی ئەو خەمەی بە جەرگییەوە نراوە، هەڵدەقرچێت! ئاویەر گڕی تێ بەر بوو یان گڕیان تێ بەردا،

سووتانی ئاویەری ئەستوور و شەهیدانی ژینگەپارێز داخی خەمێکی قورسیان بە جەرگی سنەوە چزاند و هەورێک لە خەم شاری داپۆشیوە.

ناخهەژێن، گران، جەرگبڕ، قورس و بێ ساڕێژ وەک هەواڵی شەهیدبوونی یارە وەفادارەکانی ئاویەر! ئەم رۆژانە دڵی سنە و ئاویەر لە داخی ئەو خەمەی بە جەرگییەوە نراوە، هەڵدەقرچێت!

ئاویەر گڕی تێ بەر بوو یان گڕیان تێ بەردا، کەس نازانێت! سێ شەهیدی لێ کەوتەوە، چەند دایک و باوکی جەرگ سووتاو، هەزاران دڵی بێقەرار و چاوی پڕ فرمێسک! نەک دایک و باوک، نەک خزم و کەس، نەک هەر هاوڕێ، شارێک ئەگری بۆ شەهیدانی ئاویەر.

بە ورە، گیان فیدا، خاوەن بیر و هێز و وزە، سەر بە هۆزی دڵدارانی چیا وەک حەمید، چیاکۆ و خەبات… بوون بە قەڵغان بۆ دڵی ئاویەر، بوون بە قەقنەس، بوون بە رەمزی فیداکاری، بوون بە شەهید.

ئەو ئاگرە هەتا هەتایە لە دڵی عاشقانی سنە و ئاویەردا بڵێسەی دێت و ژیلەمۆکەی بە سەر سەری شاردا دەڕژێت و بە ئاولێپژان، دانامرکێ، دیسانەوە گڕ دەهاوێ و چیرۆکی گیان فیدایی ئەڵێتەوە.

ئاویەر بێ نازە و لە ماتەمینی هاوڕێیەکانیدا پشتی چەماوە. ئەم رۆژانە خەمی سنە بە قەد باڵای ئاویەرە. چەند رۆژ بە سەر ئاگرە بێ ڕەحمەکەیدا تێپەڕیوە؛ ئەوەی هێشتا بڵێسەی دێ، دڵی هەڵقرچاوی دایک و باوک و دەزگیرانی چاوەڕێیە.

تەرمی پیرۆزی شەهیدانی ژینگە هاوڕێ لە گەڵ خەڵکی ئەمەگناسی شاری سنە و دەوروبەری، بە شکۆیەکی بێ وێنە ئەسپەردەی خاکی نیشتمان کرا و لە گەڵ ئەوەش، دایک و باوک و بنەماڵە، دڵیان بوو بە گۆڕستانی ئاواتە پێ نەگەیشتووەکان.

شەهیدانی ئاویەر! شارێکتان بۆ خەمبارە، ناوتان بە قەد باڵای ئاویەرە و هەتا ئاویەرێک مابێ، یادتان هەر لە نێو دڵانە. دڵنیا بن بەهارێتر کە هاتەوە، ئەندێشەی سەوزتان گوڵی کرد و گوڵە حاجیانە، وەنەوشە، نێرگز و گوڵاڵە سوورەکانی ئاویەر چرۆیان کرد، گۆڕی پڕ لە شانازیتانی پێ ئەڕازێتەوە.

دواهەمین کۆسپت بێ ئاویەر! سەرت سەلامەت…

سەرگوڵ ئارەش

برچسب ها :

ناموجود
ارسال نظر شما
مجموع نظرات : 3 در انتظار بررسی : 3 انتشار یافته : ۰
  • نظرات ارسال شده توسط شما، پس از تایید توسط مدیران سایت منتشر خواهد شد.
  • نظراتی که حاوی تهمت یا افترا باشد منتشر نخواهد شد.
  • نظراتی که به غیر از زبان فارسی یا غیر مرتبط با خبر باشد منتشر نخواهد شد.

اخبار

اقتصاد

فتوتیتر

تبلیغات