تاریخ انتشار : یکشنبه 19 اسفند 1403 - 20:04
کد خبر : 4169

نیان زەنگە گوێی لێ بگرن! / سەرگوڵ ئارەش

نیان زەنگە گوێی لێ بگرن! / سەرگوڵ ئارەش
نیان ئەو کچەی بە هۆی ئازار و ئەشکەنجەوە گیانی لە دەست دا و هەواڵی مەرگی دڵی هەمووانی هەژاند، وەکوو زەنگێکە بۆ کۆمەڵگای پڕ لە خەساری ئەمڕۆ کە دەبێ گوێی بۆ ڕاگرین.

کۆتاییەکانی بەفرانبار بوو هەواڵێکی دڵتەزێن دڵی هەمووانی هەژاند و هەتا چەند رۆژ خەمۆکییەک خوێنەرانی ئەو هەواڵەی داگرتبوو. نیان چەلەبیانی کچی تەمەن ۶ ساڵانی بۆکانی بە هۆی ئەشکەنجە و ئازاری جنسییەوە گیانی لەدەست دا.

لەڕاستیدا باوکی نیان و زڕدایکی ئەو هەواڵەیان چێ کرد. ئەوان ئاگاداری ئازار و ئەشکەنجەی ئەو کچە بوون بەڵام بیریان لەوە نەدەکردەوە ڕۆژێک بەم بۆنەوە ببنە سەردێڕی هەواڵەکان و دڵی خەڵکی پێ بهەژێنن.

پرسیاری سەرەکی لێرەدا ئەوەیە کە چی دەبێتە هۆی ئەوەی پیاوێک یان ژنێک کە بڕیارە ببێتە دایکی منداڵێک، وا لە منداڵێکی ۶ ساڵان بکەن؟ و وڵامی ئەم پرسیارەش دەکرێ لە رەهەندە جۆربەجۆرەکانی دەروونناسی، کۆمەڵناسی و یاساوە لێک بدرێتەوە کە لەم نووسراوەدا ناگونجێ.

هێشتا لە گەرم و گوڕی هەواڵی مەرگی نیان کەم نەبووەوە کە ئەم جارە هەواڵی ئازار و ئەشکەنجەی ئانیلا و وێنە پڕ برینەکانی لە شاری سنە دەرکەوت. ئەم جارەش زڕدایکێک وای کردووە.

باوکی ئانیلای تەمەن ٩ ساڵان چەند جار دەزانێت کە ئانیلا ئەشکەنجە کراوە و هیچ ناڵێت بەڵام ئەم جارەیان کە برینەکانی دەبینێت، دەیباتە نەخۆشخانە و لەوێش لە ئازاری ئانیلا تێدەگەن و بەشی فریاکەوتنی کۆمەڵایەتی ئاگادار دەکەنەوە و پاش پێداچوونەوە، بابەتی منداڵ ئازاری پشتڕاست دەکرێتەوە.

ئازاری منداڵان بابەتێکی نوێ نییە و لەمێژە بوونی هەیە و دەکرێ بڵێن لە چەند شت سەرچاوە دەگرێ کە هەموویان خەساری کۆمەڵایەتی دێنە ئەژمار و لەوانە دەکرێ بۆ جیابوونەوەی دایک و باوکی منداڵ، سپاردنی منداڵ بە دەستی دایک یان باوکی بێ سەرنج، تووش بوونی دایک و باوک بە مادە هۆشبەرەکان، نەخۆشی ڕۆحی و دەروونی، نەخۆشی جنسی، کەم بوونی ئاستی زانیاری بنەماڵەکان سەبارەت بە چۆنیەتی پێوەندی لە گەڵ منداڵ ئاماژە بکرێت.

بە پێی راگەیندراوی ڕێکخراوەی خۆش بژیوی وڵات، ئازاری منداڵان لە پلەی یەکەمی ئەو راپۆرتانە دایە کە بۆ فریاکەوتنی خێرا رادەگەیندرێت و ئەمەش نیشاندەری دۆخی بنەماڵەکان و کۆمەڵگایە. هەر بۆیە منداڵ ئازاری دەبێ وەک خەسارێکی کۆمەڵایەتی چاوی لێ بکرێت.

بێگومان گەلێک منداڵ و مێرمنداڵی ئەم کۆمەڵگایە تووشی ڕووداوگەلێکی هاوشێوەی نیان و ئانیلا بوون و زۆر جار شاردراونەتەوە. هەر بۆیە پێویستە بنەماڵەکان ئاگادار بکرێنەوە و دامودەزگا بەرپرسەکان بە شێوەیەکی وشیارانەتر ڕووبەڕووی ئەم ڕووداوانە ببنەوە.

گیان لەدەست دانی نیانی تەمەن ۶ ساڵان و بڵاوبوونەوەی هەواڵی ئەشکەنجەی ئانیلای تەمەن ٩ ساڵان زەنگێکە بۆ وشیارکردنەوەی بنەماڵەکان و ئاگاداربوونەوەی کۆمەڵگا و نابێ پشت گوێ بخرێت. لە لایەن بەشی یاساشەوە دەبێ حوکمی کەسانی ئازاردەر رابگەیندرێت و بە جیدی ئاوڕی لێ بدرێتەوە بۆ ئەوەی ببێتە ئەزموون بۆ کەسانیتر و تەنانەت ئەگەر بە هۆی ترس لە یاساشەوە بێ بەدوای ئەو کارانەوە نەبن / سەرگوڵ ئارەش

برچسب ها :

ناموجود
ارسال نظر شما
مجموع نظرات : 0 در انتظار بررسی : 0 انتشار یافته : ۰
  • نظرات ارسال شده توسط شما، پس از تایید توسط مدیران سایت منتشر خواهد شد.
  • نظراتی که حاوی تهمت یا افترا باشد منتشر نخواهد شد.
  • نظراتی که به غیر از زبان فارسی یا غیر مرتبط با خبر باشد منتشر نخواهد شد.

اخبار

اقتصاد

فتوتیتر

تبلیغات