وەرگر و بەردەنگی هووشیار بین یا نەچیری تەلەی میدیا و سوشیال میدیا
نووسەر/ قوباد ئارەش
پسپۆرانی بواری میدیا لەو ڕاستییە ئاگادارمان دەکەنەوە کە بەر لەوەی هەر پەیامێکی میدیایی وەربگرین، دەبێت بەئاگایی و وریاییەوە مامەڵەی لەگەڵ بکەین، بەو پێیەی هەموو پەیامێک تەنانەت لە کاتی پەخشی راستەوخۆش، بە پرۆسەی سازان و دروستکردندا دەڕوا.
داڕێژەرانی پەیامی میدیایی بەرگ و ڕەنگی تایبەت دەبەخشنە ئەو پەیامە، ئەوجا دەگاتە لای ئێمەی وەرگر و بەردەنگ.
کەواتە بۆ ئەوەی وەرگرێکی هۆشمەند و ئاکتیڤ بین، بۆ ئەوەی پەیامی میدیایی چەواشەمان نەکات و نەبینە نێچیرێکی نێو تەڵە جۆراو جۆرەکانی میدیا، دەبێت پەیامی میدیایی بخەینە ژێر ئەم پێنج پرسیارەوە:
۱) کێ پەیامەکەی بەرهەمهێناوە؟
هەموو پەیامێکی میدیایی خاوەنی هەیە، واتە کەسێک یاخود لایەنێکی دیاریکراو لە چوارچیوەی دیدگا و بیرۆباوەڕێکی ئایدۆلۆجی دیاریکراودا ئەو پەیامەی بەرهەمهێناوە، بەواتایەکی دیکە ئەو دەمەی میدیا ڕووداوێک دەگوازێتەوە ئیدی ئەو رووداوە لە کەرەستەیەکی خاوەوە دەبێتە بەرهەمێکی میدیایی کە بە پرۆسەی سازاندا روێشتووە، ئەوەش کونترۆڵی ئەو پرۆسەیە دەکات خاوەنی میدیاکەیە کە بە گوێڕەی پرەنسیپ و رێساکانی خۆی مامەلەی لەگەڵ دەکات، بۆیە لە خۆت بپرسە ئایا خاوەنی ئەو پەیامە جێگەی متمانەیە؟ تا چەند ڕەچاوی بنەماو چوارچێوەی پیشەیی کردوە.
۲) ئەو تەکنیکانە چین کە بۆ ڕاکێشانی سەرنجم بەکارهاتوون؟
تەکنیکەکانی سەرنجڕاکێشان لە نێو هەر پەیامێکدا جۆراوجۆرن، وەرگری هۆشمەند لەوە تێدەگات کە تەکنیکی سەرنج ڕاکێشان تەنها وشە نییە. بەڵێ بە کارهێنانی وشەی دیاریکراۆ و هۆنینەوە و دووبارە کردنەوە، یەکێکە لە تەکنیکەکانی ڕاکێشانی سەرنج، بەڵام لە پاڵ ئەم تەنکنیکەدا چەندین تەکنیکی دیکە هەن، بەتایبەت لە قۆناغی ئێستادا، لەوانە تەکنیکی بینین لە ڕێگەی وێنەو ڕەنگ و بەگراوند و هێما و ئاماژە، تەکنیکی بیستن لە رێگەی فۆنەتیکی دەنگ و بەگراوندی مۆسیقا و کارتێکەری دەنگی و گێراونەوە و دیالۆگ و گواستنەوە دەنگییەکان، تەکنیکی جووڵە بە بەکارهێنانی گرافیک و ڤیدیۆ مۆشن و ئاوێتەکردنی رەگەزەکانی بینین و بیستن کە سەرنجی وەرگر بە ئاراستەی بوارێکی دیاریکراودا دەبەن.
هەموو ئەو تەکنیکانە بەشدارن لە راکێشانی سەرنج لە بەرژەوەندی پەیامەکە، لە کاتێکا هیچ پەیوەندیەکی راستەوخۆیان بە پەیامەکەوە نیە.
۳) ئایا خەڵکانی دیکە بەشیوەیەکی جیاواز لە پەیامەکە تێدەگەن؟
گرنگە لەوە بەئاگابین لێکدانەوەی وەرگرەکان بۆ پەیامی میدیایی وەکوو یەک نین و جیاوازن، وەرگر بە پشتبەستن بە ئەزموون، زانیاری و بەهاکانی رابوردوو، لایەنگری سۆزداری، بیروباوەڕی تاکەکەسی و جیاوازی کولتووری پەیامەکان لێک دەدەنەوە.
ئەو دەمەی لەم راستییە تێ بگەین ، ئەتوانین ڕێز و تێگەیشتنمان بۆ بۆچوونە جیاوازەکان هەبێت و ئەتوانین ڕەوایەتی بدەینە ڕوانگە جیاوازەکان، کەواتە با خۆمان بخەینە شوێن کەسانی دیکە، چوونکە ناکرێت هەموو وەرگرێک هەمان هەستی منی هەبێت سەبارەت بە پەیامەکان.
۴) چ بەها و دیدگایەک لە پەیامەکەدا بەدی دەکرێت و چی شاردراوەتەوە؟
لە ناواخنی هەر پەیامێکی مدیاییدا چەندین ئاراستە بەدی دەکرێت کە کاریگەری دەکەنە سەر بیروبۆچونەکانمان، تەنانەت ئەو میدیاکارانەش کەهەوڵ دەدەن بابەتیانە زانیارییەکان بگوازنەوە ئەوانیش مەبەست و خواستی خۆیان هەیە، جا ئاگایانە و زانایانە بێت یاخود لە ڕووی نائاگائیەوە بێت.
ئەگەر ئێمە خوێندەواری میدیاییمان هەبێت، دەتوانین لە بەها ئاشکراو شاراوەکانی نێو پەیامەکان تێبگەین، جا ئەگەر لە هەواڵێکدا بیت یا لە بەرنامەیەکی بەزمەساتی کات بەسەربردن، دەتوانین کارامەیی ئەوەمان هەبیت هێما و کۆدی پەیامەکە شی بکەینەوە، دەتوانین لە بەرژەوەندییە ئابووری و سیاسیەکان تێبگەین، دەتوانین بزانین ئەو پەیامە چ بەهایەکمان پێ دەداو، چ بیرۆکەو دیدگایەکی شاردۆتەوەو پەردەپۆشی کردوون. دواتر دەتوانین شاراوەکان ئاشکرا بکەین و بیاندۆزینەوە، کەواتە ئەو دەمەی پەیامەکان فۆکوس دەخەنە سەر بابەتێکی دیاریکراو دەبێت لەوەش تێ بگەین کەچی شاردراوەتەوە، مانا شاراوەکان لە ناواخنی پەیامە ئاشکراکاندا بەدی دەکرێن.
۵) بۆچی ئەم پەیامە بڵاودەکرێتەوە (مەبەست)؟
ئەو دەمەی بەدوای مەبەستەکانی نێو بڵاوکردنەوەی پەیامەکانەوە دەچین، لەوە تێدەگەین کە ئەو پەیامە چ بەرژەوەندییەکی ئابووری و ئایدۆلۆجی لەپشتەوەیە، ئیدی ئاسان دەتوانین پەیامەکە شی بکەینەوەوە، دەزانین کێ کۆنترۆڵی بنەماکانی سازاندنی پەیامەکەی کردووە، دەزانین بۆچی لەو کاتەدا بڵاوکراوەتەوە، کێ لێی سوودمەندەو کێ باجەکەی دەدا جا ئەگەر جەماوەر بێت یا کەسانێک کە بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان هەیە، بۆیە گەر بمانەوێت لە پەیامی میدیایی تێ بگەین دەبێت لە مەبەستی بڵاوکردنەوەکەی تێ بگەین.
برچسب ها :
ناموجود- نظرات ارسال شده توسط شما، پس از تایید توسط مدیران سایت منتشر خواهد شد.
- نظراتی که حاوی تهمت یا افترا باشد منتشر نخواهد شد.
- نظراتی که به غیر از زبان فارسی یا غیر مرتبط با خبر باشد منتشر نخواهد شد.
ارسال نظر شما
مجموع نظرات : 0 در انتظار بررسی : 0 انتشار یافته : ۰