ڕووخانی کەرکوک و شۆرباکەی پارتی و ناشوێنەکانی هەندەران
ماوەیەکە پێشهاتەکانی کەرکوک و کوردوستانی باشوور بۆتە گرینگترین تەوەری ناو کۆڕ و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و لێدوان و هەڵوێستی جۆراوجۆری لێ کەوتووەتەوە. سەرەڕای ئەوەی کە گرژی نێوان حیزبەکان ، هۆکاری سەرەکی ئەم شکستە مێژوویییەی کورد بوو ، ئەوەی تا ئێستا وتاری زاڵە لە نێوان کورد دا ، بەردەوامی هەمان لایەنگریکوێری حیزبییە و ئەمەش بارو دۆخەکەی زیاتر
ماوەیەکە پێشهاتەکانی کەرکوک و کوردوستانی باشوور بۆتە گرینگترین تەوەری ناو کۆڕ و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و لێدوان و هەڵوێستی جۆراوجۆری لێ کەوتووەتەوە. سەرەڕای ئەوەی کە گرژی نێوان حیزبەکان ، هۆکاری سەرەکی ئەم شکستە مێژوویییەی کورد بوو ، ئەوەی تا ئێستا وتاری زاڵە لە نێوان کورد دا ، بەردەوامی هەمان لایەنگریکوێری حیزبییە و ئەمەش بارو دۆخەکەی زیاتر ئاڵۆز کردووە.
دیارە تا خوێندنەوەیەکی درووستمان لە پێشهاتەکان نەبێت و نەزانین چی ڕوویداوە ، ئەم ئاڵۆزی و سەرلێشێواوییە هێندی تر زیاد ئەکات و لەوانەیە شکستی تریشی بەدواوە بێت.
لە کەرکووک چی ڕوویدا ؟
گشتپرسی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان لە کاتێکدا هاتە ئاراوە کە نەک تەنیا لە دەرەوەی کۆمەڵگای کوردی خاوەنی هیچ پشتیوانێک نەبوو ، بەڵکوو تەنانەت هەموو لایەنە سیاسییەکانی ناو کۆمەڵگاش لە سەری کۆک نەبوون و بزووتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی ڕەخنەی جیددییان لەسەر گشتپرسی بوو و یەکیەتیش بە شەرمەوە پشتگیر ، لایەنگری ڕێفراندۆم بوو و هەندێ باڵی ناو یەکیەتی دژبەری ئەم بڕیارە بوون. دوای گشتپرسی و هەڵوێستی توندی عێراق و ئێران و تورکیا ، لە دانیشتنی دووکان ، پەیامی عەببادی لە لایەن بەڕێز فوئاد مەعسووم گەیشتە دوو هێزی سەرەکی پارتی و یەکیەتی. پەیامەکە ڕوون و ئاشکرا بوو : یان شەڕێکی مێژوویی و دۆڕان بۆ کورد یان گەڕانەوەی هێزی کوردوستان بۆ سنوورەکانی پێش شەڕ و هێرشی داعش و بەڕێوە بردنی پێکەوەیی کورد و عەرەب بۆ ناوچە جێناکۆکییەکان.
دوای ئەو پێداگرییە سەیرەی مەسعوود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە سەر پرسی ڕێفراندۆم ، سەرەڕای ناڕازی بوونی هەموو هێزە ناوچەیی و نێونەتەوەییەکان ، نە کۆماری ئیسلامی ئێران و نە حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق پیان وانەبوو کە سەرکردایەتی سیاسی کورد یان لانیکەم بەشێکی گرینگی ئەم سەرکردایەتیە، واتە بارزانی، بەم پێشنیارانە ڕازی بێت بەڵام بە پێچەوانەی هەستەکەی ئێران و عەبادی ، هەر لە دانیشتنەکەی دووکان ، هەردوو حیزبی پارتی و یەکیەتی ڕەزامەندی خۆیان دەربڕی لەسەر پێشنیارە کانی بەغدا و بەتەمای دانووستان بوون لە لە گەڵ عێراق و بە هیوا بوون لەسەر بنەمای ئەم پێشنیارە بە ڕێککەوتن بگەن. ئەم ڕاستیە بە ئاشکرا لە وتووێژی نەجمەدین کەریم پارێزگاری کەرکووک لە گەڵ کەناڵی ئاسمانی NRT دەر کەوت. (لەم وتووێژە پێشکەشکاری بەرنامە ئەڵێت : باشە کاک بافڵ و … ئەڵێن هەموو لایەنەکان ڕازی بوون بە بەڕێوەبردنی بە شەراکەت لە گەڵ عێراق بۆ کەرکوک. دوکتۆر نەجمەدین وەڵام ئەداتەوە : دەی باشە کوا ئەوە بەڕێوە چوو؟؟!!!) .
گرینگترین باس لێرەوە دەستی پێ کرد، عێراق ئەمەی نەدەویست. لە ڕاستیدا ئەم پێشنیارە تەنیا کارێکی سیاسی بوو بۆ بەخشینی شروعیەت بە هێرشی سەربازی . خواستی عەبادی دۆڕان و تەحقیری کوردەکان و تەنانەت ئەگەر بشکرێ سڕینەوەی دەسەڵاتی هەرێم بوو. بۆیە بە یارمەتی وڵاتانی دراوسێ ژێراوژێر لەگەڵ باڵێکی تا ئەو ڕۆژە نادیاری یەکیەتی کەوتنە وتووێژ و نەخشە ڕێگای کودەتایەکی ناو یەکیەتییان داڕشت و هەر لەوێوە ئاڵۆزیەکی نوێ لە کەرکووک دەستی پێکرد و بەم شێوەیە بەغدا بە بێ دانی هیچ ئیمتیازێک بە کورد و تەنانەت بە ڕادەست کردنی دەسەڵاتداریەتی کەرکووک لە لایەن یەکیەتیەوە، بگاتە هەموو خواستەکانی خۆی و لە هەمان کاتیشدا بارودۆخێکی لەبار بۆ لێکترازانی زیاتری لایەنە کوردییەکان خۆش بوو.
ئەوەی جێی سەرنجە، ئەوەیە کە پارتی و باڵی نیشتمانی یەکیەتی، هەر دوولایانیان بە جۆرێک لە جۆرەکان خەریکی شاردنەوەی ڕیککەوتنی دووکان بوون و لە هەمانکاتدا بە شێوازێکی چەواشەکارانە باڵی لایەنگری یەکپارچەیی عێراق لە ناو یەکیەتی بە جاش پێناسە کرا و ئیتر هیچ.
گەرچی خەیانەتی ئەم باڵە حاشاهەڵنەگرە، بەڵام ئەم جۆرە هەڵوێستەی ئەوانیش تەنیا هەڵوێستێکی ئینفیعالی بێکەڵک بوو.
چارەنووسی شۆرباکەی پارتی چی بوو ؟
لە ڕاستیدا هیچ. هۆکارەکەش ئەوە بوو کە هەموو دیاردەکانی نەبوونی پشتیوانی دەرەکی لە سەرووی هەموویانەوە ئەمریکا لە گشتپرسی کوردستان، ئابڵۆقەی ئابووری بە هۆی هەڵکەوتەی جوگرافی کوردوستان و هەروەها کێشە ناوخۆیییە کەڵەکە بووەکانی، هیچ دەرەتانێکی جگە لە ڕێککەوتن بۆ کوردوستان نەهێشتبوو. ئیدی نەدەکرا پێداگری لە سەر مانەوە لە کەرکووک بکرێت. لە ڕاستیدا پێش ڕێفراندۆمیش، ئەم نامومکین بوونە ئەبیندرا. بەڵام جۆرێک هیوای بێبنەما بۆ هاتنە سەرخەتی ئەمریکا بە قازانجی کورد ، تارمایییەکی لە سەر چاوی سەرکردایەتی کورد دانابوو. تەنانەت دوای ڕێفراندۆم سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامی سەرکردایەتی پارتی ئەیوت : شۆرباو بەو گەرمییەی سەرئاور ناخورێ!! و پێی وابوو ئەم گرژییەی ئێستای هێزەکانی عێراق و ناوچە ، کاتیە و دواتر لە بەرامبەر ئەمری واقعدا، ناچار بە قەبووڵ کردنی ئەنجامی ڕیفراندوم ئەبن. دواتریش بارزانی کەوتە ژێر گوشارێکی زۆری عێراق و ئێران و ناچار بوو واز لە سەرۆکایەتی هەرێم بێنێت. بە پێی یاسا دەبووا بەشێکی دەسەڵاتی ئەو بە شێوەیەکی کاتی بدرێتە سەرۆکی پارلەمان. بەڵام لەو هەلومەرجە سەقەتەشدا تەنازول نەکردنی پارتی بۆ هێزە ناوخۆیییەکان بەردەوام بوو و نوێنەرێکی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان شەوی پێش دەستلەکارکشاندنەوەی بارزانی وتی: یوسف محەممەد یەک خولەکیش دەسەڵاتی بارزانی ناگرێتە دەست!!! . بە ئاشکرا دیار بوو هێشتا پارتی هەستی بە زەروورەتی ڕێکخستنی ماڵی کورد نەدەکرد، لایەنی بەرامبەریش واتە یەکیەتی تەنیا نیگەرانی بەشی خۆی بوو لە دەسەڵاتداریەتی هەرێم و جەماعەتی بزووتنەوەی گۆڕانیش “نەموت نەموت”یان کردبووە ئاڕاستەی سیاسی خۆیان.
دوای ڕووخانی کەرکووک و ئاشکرا بوونی ڕێککەوتنی دووکان ئیتر شۆرباکەی پارتی ساردەوە بوو. ئەڵێی قسەکەی سەعدی ئەحمەد پیرە بۆ ئەم بابەتە بەکەڵک بوو!!
ئێستاش ئەنجامی شەڕی ناوخۆیی یەکیەتی، ئەتوانێ ڕۆڵێکی سەرەکی لە داهاتووی ماڵی کورد هەبێت و لە ڕاستیدا هەردوو باڵی ئێستای یەکیەتی بێسەرە. هەردووکیشیان یەک سەر شک ئەبەن ئەوەش بەرهەم ساڵحە. گەر باڵی نیشتمانی ببێتە خاوەنی ئەم سەرە ، ڕەنگە یەکگرتنی ماڵی کورد و بەرەو پێش چوونی دیپلۆماسی ژیرانەی لێ بکەوێتەوە بەڵام گوشاری هێزی دراوسێ زیاد ئەکات. ئەگەریش ئەم سەرە بچێتە سەر هەیکەڵی باڵی کوودەتا ، ئەوا دوو ئیدارەیی و دواتریش بێئیدارەیی لە هەرێمی کوردستانی لێدەکەوێتەوە.
ئەوەی پێش ڕیفراندۆم و پاش ڕیفراندۆم و پێش ڕووخانی کەرکووک و پاش ڕووخانی کەرکووک و ئەوەی لە ساڵەکانی نەوەدی زایینیەوە هەتا ۲۰۱۷ و گشتپرسی درووستکردنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردی لە ئەنجامی دەسەڵاتداریەتی کورد لە هەرێمی کوردستان دەبینرێت تا ئێستا سەرگەردانی سیاسی لە ناو دەسەڵاتداریەتی کوردی عێراق و بێسامانی مرۆڤی کورد و کۆچی لاوانی بێ بەزەیی کورد بەرەو ناشوێنەکانی هەندەران و خنکان لە ئاوەکانی ڕۆژاوادا بووە و دیارە هەر دوو حیزبە سەرەکیەکەی هەرێمی کوردستان نە تەنیا کوڕی دەسەڵاتداریەتی بێ ئاژاوە و دیموکراسیانە نەبوون بەڵکوو ڕووخانی کەرکووکیش فاشەلی و گەندەڵی لەو دەسەڵاتداریەتیە سیاسیە بێ سەرە و بەرەدا زیاتر ئاشکرا کرد.
برچسب ها :
ناموجود- نظرات ارسال شده توسط شما، پس از تایید توسط مدیران سایت منتشر خواهد شد.
- نظراتی که حاوی تهمت یا افترا باشد منتشر نخواهد شد.
- نظراتی که به غیر از زبان فارسی یا غیر مرتبط با خبر باشد منتشر نخواهد شد.
ارسال نظر شما
مجموع نظرات : 0 در انتظار بررسی : 0 انتشار یافته : ۰