سەرگوڵ ئارەش
“کاڵ” بەڵام پێگەیشتوو

بە پێی هەواڵی کوردنامە، یەکەمین خەڵاتی ئەدەبی “کاڵ” بە سەرکەوتوویی گەیشتە دوا وێستگەی خۆی و براوەکانی خۆی ناساند. ئەم خەڵاتە ئەدەبیە لە لایەن کافە کاڵ و بە بەڕێوەبەرایەتی دوو کەسایەتی ناسراوی ئەدەبی کوردی لە ئێران واتە بەیان عەزیزی و ڕەزا عەلیپوور لە ژانرەکانی شێعر، چیرۆک و ڕۆمان لە ژێر ناوی “لە ستایشی ئەدەبیات، لە پێناوی داهێناندا” بەڕێوە چوو.
بانگەوازیی ناردنی بەرهەم بۆ ئەم خەڵاتە لە ساڵی پێشوو دەستی پێ کرد و بەرهەمی زۆر بە زاراوەکانی سۆرانی، هەورامی، کورمانجی و کەلهوڕی گەیشتنە نووسینگەی خەڵاتەکە و نەک هەر لە کوردستانی ئێران، بەڵکوو شاعیران و نووسەرانی هەرێمی کوردستانی عێراق و کوردستانی تورکیاش تێیدا بەشدار بوون.
پاش ماوەیەک لە ڕێوڕەسمێکی بەشکۆدا ئاهەنگی کۆتایی یەکەمین خولی ئەم خەڵاتە رۆژی چوارشەمە ٢۶ی بەفرانباری ١۴٠٣ی هەتاوی لە سینەما بەهمەنی سنەدا بەڕێوە چوو.
یەک لە خاڵە سەرنجڕاکێشەکانی ئەم خەڵاتە، هەڵبژاردنی چینی لاو و بەرەی نوێ و تازەپێگەیشتوو وەکوو براوەی خەڵات بوو کە بێگومان دەبێتە هاندەر بۆ ئەوەی پێنووسیان هەر بە کوردی بنووسێت و لە پێناو گەشەی ئەدەبی کوردیدا بکەوێتە گەڕ.
پێشوازی زۆر جیاواز و بەشداری گەرم و گوڕی چینە جیاجیاکانی خەڵک و کەسایەتییە ناودارەکانی زمان و ئەدەبی کوردی و خاوەن قەڵەمەکان، گوڕ و تینێکیان بەم ڕێوڕەسمە بەخشیبوو کە دەبێتە هۆی ئەوەی ئەم ڕۆژە وەک رۆژێکی تایبەت و مێژوویی لە رۆژژمێری هاوچەرخی ئەدەبی کوردی کوردستانی ئێراندا تۆمار بکرێت.
سەربەخۆیی ئەم خەڵاتە و نەبوونی پشتیوانی و یارمەتی هیچ لایەن و ناوەند و ڕێکخراوەیەکی حوکمی و سەرەڕای ئەوەش دەنگدانەوە و ڕەنگدانەوەی لە میدیا و راگەیاندنەکاندا لە دیکەی ئەو خاڵانە بوو کە ڕەنگێکی تایبەتی بە “کاڵ” بەخشیبوو.
پاراستنی ئەو سەربەخۆییە لە خولەکانی داهاتووی ئەم خەڵاتە ئەدەبییە بێگومان دەبێتە هۆی ئەوەی پێگەی لە نێو خەڵک و کاروانی قەڵەم بەدەستانی کوردینووسدا کاڵ نەبێتەوە و پێشوازی زیاتری لێ بکرێت.
هەروەها هەناردە کردنی ٣١١ بەرهەم بۆ خەڵاتێک کە یەکەمین ئەزموونی خۆی تاقی دەکاتەوە، نیشاندەری متمانە بە خەڵاتەکە و بەڕێوەبەرەکانیەتی.
شیاوی ئاماژەیە ٣١١ بەرهەم بۆ یەکەمین خەڵاتی ئەدەبیی “کاڵ” نێردرا کە ١٧۴ بەرهەم گەیشتە دەستی لێژنەی داوەری کە لە کەسانی پسپۆڕ پێک هاتبوو و پاش هەڵسەنگاندنیان، ناوی براوەکان و بەرهەمەکانیان گەیشتە دەستی بەڕێوەبەرانی خەڵاتەکە.
بە وتەی بەیان عەزیزی دەبیری خەڵاتەکە، خولی دووهەمی ئەم خەڵاتە تایبەت دەبێت بە نووسینی ژنانە و بۆ ئەوان تەرخان دەکرێت کە چاوەڕوان دەکرێت جارێکی دیکە ژنانی خاوەن قەڵەم پێشوازی لەم خەڵاتە تایبەتە بکەن.
براوەکانی بەشی شیعری سۆرانی چاپ کراو و چاپ نەکراو بریتین لە نەزەند بەگیخانی، بەشدار سامی، قادر نیازی، سۆران محەمەد سوورە، گوڵاڵە دروودیان، یوونس حسەینی، ئازاد یوونسی، راهوز کامران، کەریم خزری، ئیبراهیم فەرەجی، نەشمیل بەرزنجی، سومەیە جەلال، کاروان حاجی، شەریف مورادی، ئیرەج عیبادی و سروشت نەوزاد.
لە بەشی شیعری کرماشان و ئیلامدا مەهتاب ڕەشیدیان، ئێحسان نەجەفی، محەمەدجەواد جەلیلیان، سومەیە فەلاحی، مێهرداد زیبایی و نەسرین باوەندپوور خەڵات کران.
ئامینە رەحیمی(ژوان) و ئەحسەن ڕەشیدیش وەکوو براوەکانی بەشی شیعری هەورامی ناسێندران.
لە بەشی کۆمەڵە چیرۆکدا ماهپارە ئیبراهیمی، نیشتمان قادریان، رەسووڵ سەفەریانی، چنوور سەعیدی، لەیلا نوورانی، هەڵۆ فەریق و جێگر بەختیار خەلاتیان پێ بەخشرا.
مازیار نەزەربەیگی وەکوو براوەی خەڵاتی ڕۆمانی کەلهوڕی، ئێدریس بەردەنووس، سۆران کوردپوور، چیا پەرویزپوور، ئەسعەد زوهرابی، سینا خەلیلی، سارا سادق زادە و ئارام محەمەد وەکوو براوەی خەڵاتی رۆمانی سۆرانی و ڤەهل موحسین، قاسم پیرۆ و کاموران چاکریش وەکوو براوەکانی بەشی کورمانجی خەڵاتیان پێ بەخشرا.
گەرچی هیچ ڕێوڕەسمێک بێ کێشە نییە و ئەم خەڵاتەش هەندێ خاڵی لاوازی تێیدا بوو بەڵام وەکوو یەکەمین ئەزموون و بە بڕوای بەشداربووان، ڕێوڕەسمێکی سەرکەوتوو و بە واتایەکی تر کاڵێکی شکۆدار و پێگەیشتوو بوو کە چاوەڕوان دەکرێت درێژەی هەبێت.
- نظرات ارسال شده توسط شما، پس از تایید توسط مدیران سایت منتشر خواهد شد.
- نظراتی که حاوی تهمت یا افترا باشد منتشر نخواهد شد.
- نظراتی که به غیر از زبان فارسی یا غیر مرتبط با خبر باشد منتشر نخواهد شد.
ارسال نظر شما
مجموع نظرات : 0 در انتظار بررسی : 0 انتشار یافته : ۰