تاریخ انتشار : پنجشنبه 17 اسفند 1402 - 10:30
کد خبر : 3559

شاژنی گۆشەی تەنیایی مۆسیقای کوردی

شاژنی گۆشەی تەنیایی مۆسیقای کوردی
ناوی فەتانەیە، هونەرمەندی کوردستانە، لە ماوەیەکی کەم توانی ڕۆڵێکی مێژوویی لە هونەر و مۆسیقای کوردیدا ببینێت و ببێتە سەرچاوی ئیلهامی هونەری بۆ هونەرمەندانی دوای خۆی.

فەتانە توانیویەتی لەسەردەمێکدا گۆرانی بڵێت و تواناکانی خۆی نیشانی خەڵکی بدات کە گۆرانی وتن و بەشداری کردنی ژنان بۆ کاری هونەری نەشیاو و ڕێگە پێنەدراو بووە، بەڵام ئەو توانیویەتی ببێتە پێشەنگ بۆ ژنانی ئەو سەردەمەش، وەک “شەهین تاڵەبانی، مەستورەی ئەسەدی، سدیقە محەمەدنەژاد” کە بەشێکیان بەهۆی ڕێگری کۆمەڵگە لەو سەردەمدا وازیان لە وتنی گۆرانی هێنا.

لە ساڵی ١٩۶٠ و لەتەمەنی ٧ ساڵیدا چوەتە ڕادیۆی سنە بە هاوکاری حەسەن کامکار، و باوکی خۆی. لەوێ کارە هونەریەکانی دەستپێکردووە، یەکەم گۆرانیشی هەر لە ڕادیۆی سنە تۆمار کرد، ئەو توانا زۆرەی لەو تەمەنەدا هەیبووە بووەتە هۆی ڕاکێشانی سەرنجی هەریەک لە ژەنیاران و ئاوازدانەرە بەناوبانگەکانی وەک گریشا میکاییلزادە و موجتەبا میرزادەی.

نزیکەی ۵۶ گۆرانی لە ڕادیۆکانی سنە و کرماشان تۆمار کردووە کە تەنها یەک ئەلبوومی دیارە و بەشی زۆری بەرهەمەکانی بڵاو نەکراوەتەوە، تا ئێستاش هۆکارەکەی ئاشکرا نەکراوە. نموونەی ئەو گۆرانییانە “ئەی وەی بەلەرزانە گیانە بەلەرزانە، گێل گێلەکەی دەوری سەری پەخشە پەرێشانە، ئەم گۆرانیەش دواتر لە لایەن حسێن شۆخ کەمان لە گرووپی برایانی زێ زێ وتراوە.

بەشێک لەو بەرهەمانەی لە ماوەی چەن ساڵی تەمەنیدا تۆماری کردووە بریتین لە ئەی دڵی غەمینم بۆچ بێقەراری، لە ژین بێزارم، لای لای دڵم لای لە باغی سینەم، ئای لە دەست یارم ماڵی وێرانم، لە سەرووی قامەتی یار، هاتەوە یارم یاری وەفادارم، بێ تۆ بیمارم بێ دۆست و یارم، بەهار فەسڵێکی خۆشە و چەندان بەرهەمی دیکەی هەیە.

ژیانی هونەری ئەو هونەرمەندە بە هۆی نەخۆشی دروونیەوە زوو کۆتایی هات، بەڵام بە یەکێک لە هونەرمەندە دیار و کاریگەرەکانی کوردستان دادەنرێت، چەندین هۆکار و چیرۆکی دروستکراو سەبارەت بە دوورکەوتنەوەی لە بواری هونەری باس دەکرێت، وا باس دەکرێت کە دیارترینیان چیرۆکێکی خۆسەویستی بووە کە بووەتە هۆی خراپبوونی دۆخی دەروونی فەتانە وەلیدی، بەهۆی تێکچوونی باری دەروونی براکەی و دوای مردنی باوکی لە ساڵی ٢٠١٧ بەهۆی بێکەسووکاری و کەمدەرامەتی دەیگوازنەوە بۆ ناوەندێکی خێرخوازی و چاودێری نەخۆشییە دەروونیەکان بەناوی “بەهار” کەلە گەڕەکێکی شاری سنەدایە، لەگەڵ براکەیدا لەهەمان شوێندان. بەهۆی خراپی باری دەروونیەوە لەئێستادا خوشکەکانی چاوپێکەوتنیان لەگەڵ ئەم هونەرمەندە بە ئەزموونەدا سنوردار کردووە.

فەتانە وەلیدی زیاتر لە نیو سەدەیە لە گۆشەی تەنیایی خۆیدا ماوەتەوە و تەنیا جارجارە هەندێک کەس و لایەن سەردانێکیان کردووە و وەک وەفایەک بۆ ژنێک کە دەیتوانی شاژنی مۆسیقای کوردی بێت، ڕێزیان لێگرتووە. لەم ساڵانەی دواییشدا و لە دوای مردنی باوکی، ئیدی کۆتایی بەم سەردانانەش هاتووە هیچ کەسێک  ئاگای لە شوێنی مانەوە و دۆخی ژیانی ئەم هونەرمەندە فەرامۆشکراوەی کورد نییە.

برچسب ها :

ناموجود
ارسال نظر شما
مجموع نظرات : 0 در انتظار بررسی : 0 انتشار یافته : ۰
  • نظرات ارسال شده توسط شما، پس از تایید توسط مدیران سایت منتشر خواهد شد.
  • نظراتی که حاوی تهمت یا افترا باشد منتشر نخواهد شد.
  • نظراتی که به غیر از زبان فارسی یا غیر مرتبط با خبر باشد منتشر نخواهد شد.

اخبار

اقتصاد

فتوتیتر

تبلیغات