تاریخ انتشار : شنبه 5 اسفند 1402 - 12:52
کد خبر : 3539

دۆخی زمانی کوردی لە کوردستان و تاراوگە

دۆخی زمانی کوردی لە کوردستان و تاراوگە
لە بەشێکی قەدەخەیە، لە بەشێکی دیکە بەرەوپێش دەچێت و هەوڵی باشترکردنی دەدرێت، لە پارچەیەکی دیکە کە زمانی فەرمییە، وردە وردە لە قوتابخانەکانی گرنگیپێدانی بەرەوکەمبوونەوە دەچێت. سەرۆکی لقی هەولێری یەکێتیی نووسەرانیش دەڵێت "زۆربەی فەرمانبەران بە مامۆستایانیشەوە ناتوانن بە رێنووسێکی بێگەرد بنووسن." ئەمە دۆخی زمانی کوردییە.

ساڵانە ۲۱ی شوبات، رۆژی زمانی دایکە لە جیهاندا. بە گوێرەی کۆمەڵەی زمانەوانانی ئەمریکا، ۶ هەزار و ۹۰۰ زمان لە جیهاندا هەن، ۱۰۶یان زمانی فەرمین. 

ساڵی ۱۹۴۶، دوای ئەوەی هیندستان لە پاکستان جیابووەوە، ویلایەتی بەنگلادیش بەشێکی لکێنراوبوو بە پاکستانەوە. زمانی ئۆردوو زمانی فەرمیی هەردوو بەشی روژهەڵات و رۆژئاوای پاکستان بوو. بەشی رۆژهەڵاتی ئەو کاتی پاکستان بەنگالی بوون و ناچار کرابوون بە زمانی ئوردوو بخوێنن و بئاخڤن. 

ساڵی ۱۹۵۲ ژمارەیەک قوتابی زانکۆی داکا دژی سیاسەتی یەکزمانی ناڕەزاییان دەربڕی، ۱۱ کەس بەدەستی ھێزە ئەمنییەکانی پاکستان کوژران، ساڵی ۱۹۵۶ دەوڵەت بەناچاری دانی بە زمانی بەنگالیدا نا.

رێکخراوی یۆنسکۆی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، ساڵی ۱۹۹۹ رۆژی ۲۱ ی شوباتی ھەموو ساڵێکی وەک رۆژی جیھانی زمانی دایک ناساند؛ ئەو رۆژەی وەک بیرھێنانەوەیەک بۆ قوربانییانی بەنگلادیش، بە رۆژی زمانی دایک دیاریکرا.

خالید جەمیل، نووسەر و لێکۆڵینڤان لەبارەی رەوشی زمانی کوردی لە کوردستانی سووریا بە رووداوی راگەیاند، “رەوشی قسەکردن بە زمانی دایک لەنێوان هاونیشتمانییانی رۆژئاوا، بەگشتی باشە و زۆربەیان بەکوردی قسە دەکەن. تەنیا ئەوانەی لە حەلەب و شێخ مەقسودن کاریگەریی زمانی عەرەبییان لەسەرە.”

لە ۱۰ ساڵی رابردوودا، بە گوتەی ئەو لێکۆڵینڤانە، قسەکردن بەکوردی، لە کوردستانی سووریا دا “زۆر باش” بووە. 

لە ساڵی ۲۰۱۲ـەوە خوێندن و پەروەردە بە زمانی کوردی لە کوردستانی سووریا دەستیپێکردووە و ئێستا خوێندن بە زمانی کوردی لەوێ لە پۆلەکانی بنەڕەتییەوە تاوەکو دەگاتە زانکۆ، لە بەشەکانی (ئەدەب، مێژوو، ئەندازیاری، زانست، پزیشکی و …) دەخوێندرێت. بابەتی تایبەتیش بۆ هەموو قۆناخەکان ئامادە کراوە.

خالید جەمیل ئاماژە بەوە دەکات، “خوێندن بە زمانی کوردی لە جزیر (قامشلۆ، حەسەکە، دێرک، رمێلان، تربەسپی، سەرێکانی و درباسیێ و …) هەبوو تاوەکو کۆبانێ و عەفرینیش، بەڵام لە ئاداری ۲۰۱۸ەوە، لە هەرێمی عەفرین بەگشتی، خوێندن بە زمانی کوردی قەدەخە کراوە. لە تشرینی ۲۰۱۹ـەشەوە لە سەرێکانی و گرێسپی زمانی کوردی قەدەخە کراوە.”

لەبارەی رەوشی زمانی کوردی لە دامەزراوەکانی دەوڵەتدا، خالید جەمیل دەڵێت، “ئەوکاتەی دەوڵەتی سووریا هەبوو، بەتایبەت کە حیزبی بەعس دەسەڵاتدار بوو، زۆر بە تووندی کاری دژی زمانی کوردی دەکرد؛ سەرباری ئەوە، سیاسەتی بەعەرەبکردنی لە ناوچەی جزیر جێبەجێ کرد. لە دامەزراوەکانی دەوڵەت و دەرەوەی ئەوانیش، زمانی کوردی قەدەخە بوو. تاوەکو ئێستاش حکومەتی سووریا دان بە زمانی کوردیدا نانێت. لە دەستوور و دامەزراوە فەرمییەکانی دیکەی وڵاتەکەدا رێگە بە زمانی کوردی نادات رۆڵی هەبێت، ئێستا تەنیا دەزگاکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر کار بۆ زمانی کوردی دەکەن.”

سووداد رەسووڵ، مامۆستای زانکۆیە و قوتابیی خوێندنی دکتۆرایە لە سیاسەتی پلانی زمان لە زانکۆی ساینس لە مالیزیا، لەبارەی زمانی کوردی و زمانی دایک لە هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، “خوێندن بە زمانی دایک لە هەرێمی کوردستان لە پێش پەیدابوونی قوتابخانە ئەهلییە ئینگلیزییەکان لە پێشکەوتنێکی بەرچاودا بوو، بە رێکوپێکی منداڵی کورد بە زمانی دایک پەروەردە دەکرا، بەڵام دوای کردنەوەی ژمارەیەکی زۆر لە باخچەی منداڵان و قوتابخانەی بنەڕەتیی ئەهلی لە هەموو پارێزگاکان، لەم دوو دەیەی رابردوودا، دۆخێکی نالەباری بۆ زمانەکە دروست کرد، کە رۆژ لە دوای رۆژ ئەم قوتابخانانە زمانی دایک بنکۆڵ دەکەن، بە رادەیەک نەوەیەک بەرهەم دێنن کە ئیدی ناتوانن بە جوانی بە کوردی بیر بکەنەوە، بنووسن و بخوێنن.”

هەر لەو بارەیەوە عەبدولڕەحمان فەرهادی، سەرۆکی یەکێتیی نووسەرانی کورد – لقی هەولێر دەڵێت، “من لە رەوشی خوێندن لە هەرێمی کوردستان نیگەرانم، چونکە ناوەندەکانی پەروەردە لە راست زمانی کوردی و فێرکردنی قوتابی لە دروستنووسی بە کوردی کەمتەرخەمن.”

ئەو باسی نموونەیەک دەکات لە کتێبی زمان و ئەدەبی کوردیی پۆلی دەیەمی ئامادەیی کە بەشێکی تەرخان کراوە بۆ رێنووس و خاڵبەندی، دەڵێت، “بەداخەوە ئەم بەشە پڕی هەڵەی رێنووس و خاڵبەندییە.. زۆر خەمگین بووم چونکە ناکرێ قوتابی فێری هەڵەنووسی بکرێت. پێداچوونەوە بە سەرجەم کتێبەکانی قوتابخانە، ئەرکی حکومەتە و نووسەری کوردیزانی زۆر باشمان هەن، دەکرێ سوودیان لێ ببینن. نەک ئەم کارە بخرێتە بەر دەستی مامۆستایانی کوردی نەزان.”

سەرۆکی یەکێتیی نووسەرانی کورد – لقی هەولێر لەبارەی زمانی کوردی لە دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت: “رەوشەکە لەوێش زۆر خراپە و زۆر گرنگە سەرجەم دامەزراوە و فەرمانگەکانی حکومەت بە یەک شێوە بنووسرێن و سەرجەمیان بکرێن بە کوردیی کرمانجی خواروو کە زۆرتر خزمەت کراوە و ئەدەبیاتی زمانەکەمانی پێ نووسراوەتەوە.”

دەشڵێت، “نابێت وەکو ئەوەی ئێستا لە بادینان بە شێوەزاری خۆیان بنووسن و ئێمەیش بە شێوەی خۆمان، ئەم دوو کەرتییە خراپە، ئەگەر نا واباشترە هەمووی بکرێتە بادینی، نەک ئەو دابەشبوون و لێک تێنەگەیشتنە هەبێت، بۆیە نووسراوی فەرمانبەرانی دەزگاکانی هەولێر لە نووسراوی فەرمانگەکانی دهۆک تێناگەن و بە پێچەوانەیشەوە.”

دۆخی قسەکردن بە زمانی کوردی لە نووسین باشترە، وەکو فەرهادی باسی دەکات “زۆربەی فەرمانبەران بە مامۆستایانیشەوە ناتوانن بەڕێنووسێکی بێگەرد بنووسن. رەوشی بڵاوکردنەوەیش هەر نالەبارە و زۆربەی کتێبە چاپکراوەکان لێوڕێژن لە هەڵەی جۆراوجۆری زمان، رێنووس، رستەسازی و گوزارشت. تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەم رووەوە ماڵوێرانییەکن نەبێتەوە.”

لەبارەی پرسی رەوشی ئاخافتن و خوێندن بە زمانی کوردی لە کوردستانی تورکیا، میکایل بولبول، زمانناس و مامۆستای بەشی کوردی لە زانکۆی ماردین بە رووداوی گوت، “لە باکووری کوردستان، ۱۰۰ ساڵ زیاترە دژایەتی زمانی کوردی دەکرێ و بەتەواوی قەدەخەیە. پێش ساڵانی نەوەدەکان، خەڵک بۆ هەر پەیڤێکی کوردی بڕێک پارە سزا دراوە. واتا چەند وشەی گوتبێت هێندە پارە سزا دراوە. بۆیە قسەکردنی خەڵک وردە وردە بووەتە تورکی. دوای ساڵانی نەوەدەکان لە هەندێک ناوچە قەدەخە هەڵگیرا. گۆڤار و کتێب چاپ و بڵاوکرانەوە. بەشێک دامودەزگای کولتووری دامەزران و بێلایەنانە خەباتیان بۆ زمانی کوردی کردووە.” بە گشتی “رەوشی زمانی کوردی لە شارەکانی کوردستانی تورکیا خراپە”

“لە کوردستانی تورکیا خەڵک بەگشتی ۱۵% کوردی دەزانن،” ئەوە بە گوتەی بولبول. دەڵێت، “کێشەکە ئەوەیە منداڵی کورد؛ کوردی نازانن، ئەویش بەهۆی خوێندن بە زمانی تورکی. لە گوند و شارۆکەکان رەوشی زمانی کوردی باشترە، قسەیشی پێدەکرێت، بەڵام لە شاری گەورەی وەک ئامەد، باتمان و وان رەوشەکە خراپە. لە شارە گەورەکان منداڵ بەڕەهایی کوردی نازانن.”

دوای ساڵی ۲۰۱۰ چەند زانکۆیەکی وەکو مێردین، ئامەد، وان، چەولیگ و مووش بەشێکی کوردی لە زانکۆکانیان دامەزران. ئەو بەشانە ئێستاش هەن. دوای ساڵی ۲۰۱۲ وانەی بژارە دەستیپێکرد. 

بولبول ئاماژە بەوە دەکات، لەو پرۆسەیەدا “ئاستەنگ بۆ زمانی کوردی دروست دەکەن تاوەکو خەڵک هەڵینەبژێرن. هاوکات مامۆستای کوردی لە قوتابخانەکان دانامەزرێندرێن و بەڕێوەبەرەکانیش کێشە بۆ وانەی کوردی دروست دەکەن. تاوەکو ئێستا نزیکەی ۲۰۰ مامۆستای کورمانجی و زازاکی دامەزرێندراون بێگومان ئەوەش ژمارەیەکی کەمە بۆ ۲۵ ملیۆن کوردی کوردستانی تورکیا.”

لەگەڵ ئەوەی هەندێک بەشی کوردی، تەلەڤزیۆن و رادیۆی کوردیش هەن، بەڵام زمانی کوردی لە دامەزراوەکانی دەوڵەت بە گشتی قەدەخەیە. 

نزیکەی ۳۰ دەزگەی چاپ و بڵاوکردنەوە هەن و بە فەرمی کار دەکەن؛ دوو سێ رۆژنامە و دەیان گۆڤاری کوردی چاپ دەکرێن، بەڵام لە رووی ئابوورییەوە زۆر زەحمەت دەکێشن. بەو هۆیەوە خوێنەری کوردی کەمە و بازاڕی زمانی کوردی خۆش نییە.

لەبەرئەوەی زمانی پەروەردە بە تورکییە و کوردی نییە، “بۆیە زمانی کوردی ناتوانێت خۆی لە بەرامبەر زمانی تورکی رابگرێت.”

خوێندن بە زمانی کوردی و بەفەرمی لە کوردستانی ئێران، رێگەپێدراو نییە، بەڵام لە زانکۆی سنە بەمدواییە بەشێک کراوەتەوە بە ناوی ئەدەبیات و زمانی کوردی ۲۰ تاوەکو ۳۰ خوێندکار وەردەگرن.

مەحموود موبارەکشاهی، مامۆستای زانکۆ و بەرپرسی ناوەندیی فەرهەنگیی و هونەری ڤەژین بۆ رووداو دەڵێت: “لە نێو خەڵکدا زمانی کوردی خەریکە بایەخێکی باشی پێدەدرێت، خەڵک خۆی هەوڵ دەدات زمانی کوردی فێر ببێت. ئەو ئەنجوومەن و رێکخراوە مەدەنییانەی جاروبار لە هاویندا بەتایبەت کلاسی کوردی دادەنێن، خەڵک تا رادەیەک بەشداری دەکەن. هەروەها لە دامەزراوەکانی دەوڵەتدا، هەموو نووسینەکان بە زمانی فارسییە.”

بۆ چاپ و بڵاوکردنەوەی کتێب بە زمانی کوردی، هەوڵ و تەقەلایەکی زۆر دراوە، موبارەکشاهی دەڵێت، “کتێبی باش چاپ کراون؛ بەڵام ئەوانیش لە چوارچێوەی کەرتی تایبەتن، کە هەوڵ بۆ بڵاوکردنەوەی کتێب و گۆڤار دەدەن بە زمانی کوردی.”

هەروەها دەڵێت، “ئێستا بە خۆشحاڵییەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا هەوڵێکی جیدی هەیە کە زمانی کوردی بپارێزرێت و کاری پێبکرێت. خەڵک گرنگییەکی جیدی بە زمانی کوردی دەدات، زۆر کەس لە مۆبایلەکانیان کیبۆردی کوردییان دابەزاندووە، نامە و پەیامی بۆ یەکدی دەنێرن. هەروەها خەڵک زۆر هەوڵ دەدەن ناوی کوردی لە منداڵەکانیان بنێن.”

دیاکۆ هاشمی، رێنوێنیکاری زمان لە وڵاتی سوێد، لەبارەی رەوشی زمان لە تاراوگە بە رووداوی گوت: “لە سوێد هەموو منداڵێک بۆی هەیە لە قوتابخانە بە زمانی دایکی بخوێنێت. مامۆستا و کەرەستەی بۆ ئامادە دەکەن. تەنانەت بە کوردیش دەخوێندرێت و خاڵەکان دەتوانن هەژمار بکرێن لەگەڵ خاڵەکانی وانەکانی دیکەی سوێدی.”

مافی فێرکردنی زمانی دایک لە یاسای پەروەردە و فەرمانی سیستمی قوتابخانەکاندا لە سوێد رێکخراوە. ئامۆژگارییە گشتییەکانی دەزگای نیشتمانیی سوێد بۆ پەروەردە رێنماییە سەبارەت بە چۆنیەتی رێکخستن و جێبەجێکردنی فێرکردنی زمانی دایکی قوتابخانەکان.

هاشمی دەڵێت، “گرنگە ئاماژە بەوە بکەین کە شارەوانییەکان هەندێک ئازادییان هەیە بۆ لێکدانەوە و جێبەجێکردنی یاساکە. بۆیە رەنگە گۆڕانکاری لە چۆنیەتیی رێکخستن و ئەنجامدانی فێرکردنی زمانی ماڵەوە لە شارەوانییە جیاوازەکاندا هەبێت.”

شارۆخ ئەرژەنگی، خاوەنی ‘وەشانخانەی ۴۹ کتێب’، لەبارەی رەوشی چاپ و بڵاوکردنەوەوە لە تاراوگە بە رووداوی گوت: “چونکە دەزگەکەمان ناوی وەشانخانەی ۴۹ کتێبە، لە هەر ناونیشانێک ۴۹ چاپ دەکەین؛ یان زیاتر و کەمتر لەو ژمارەیە. ساڵانە لانیکەم ۴۰۰ بۆ ۵۰۰ ناونیشان چاپ دەکەین.’

ئەوە ئاماری ساڵی ۲۰۲۳ـی وەشانخانەکەیە. دەڵێن، ساڵی رابردوو نزیکەی ۴۵۰ کتێبیان چاپ و بڵاوکردووەتەوە. “ئەم ساڵیش تائێستا کە ماوەی مانگ و نیوێک لە ساڵی ۲۰۲۴ تێپەڕیوە، نیزیکەی ۱۲۰ بەرهەممان چاپ کردووە و بەپێی ئەمەش دەتوانم بڵێم ئەم ساڵ تا ۱۵۰۰ کتێب لە ئەوروپا چاپ دەکەین.”

فرۆشی کتێب لە ئەوروپا وەکو ئەو وەشانخانەیە باسی دەکات، “زۆر کەمە، خەڵک کەم کتێب دەکڕن.”

بابەتی کتێبەکانی وەشانخانەکە هەمەجۆرن، لە رۆمانەوە بگرە تا کتێبی منداڵان و بوارەکانی فەلسەفە، ژنان، کۆمەڵایەتی، سیاسی و بابەتەکانی دیکەیە. 

خاوەنەکەی دەڵێت، “کتێبی زانستیمان کەمترە، چونکە لێرە بەرهەمە زانستییەکان زیاتر بە زمانی سەرەکی بەردەستن و دەخوێندرێنەوە. بابەتی زانستە مێژوویی، کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان بەشێکی زۆری بەرهەمەکانی ئێمە دەگرنەوە، یەک لە هۆکارەکانیش ئەوەیە کە ئەو کەسانەی چالاکی سیاسییان لە کۆنەوە هەبووە و لێرەن، ناتوانن بە زمانە ئەوروپییەکان بخوێننەوە، بۆیە لەم بوارانەدا بە کوردی دەخوێننەوە.” / رووداو

ارسال نظر شما
مجموع نظرات : 0 در انتظار بررسی : 0 انتشار یافته : ۰
  • نظرات ارسال شده توسط شما، پس از تایید توسط مدیران سایت منتشر خواهد شد.
  • نظراتی که حاوی تهمت یا افترا باشد منتشر نخواهد شد.
  • نظراتی که به غیر از زبان فارسی یا غیر مرتبط با خبر باشد منتشر نخواهد شد.

اخبار

اقتصاد

فتوتیتر

تبلیغات